Salim hemexan
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2016
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "یەكێك لەو ئامانجانەی کە كۆمەڵەكەمان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا كۆششی بۆ كردووە، رووبەڕووبوونەوە و بەسزا گەیاندن و دادگایی كردنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەیە كە ماددەی كیمیاویان بەرژێمی پێشووی عێراق داوە و ناراستەوخۆ بەشدارن لە كیمیابارانكردنی خەڵكی كوردستاندا".
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "خۆشبەختانە ئێمە پێش چەند ساڵێك توانیمان دەستەیەك پارێزەری نێودەوڵەتی بدۆزینەوە كە پێشینەیەكی باشیان هەیە لەبواری سكاڵای نێودەوڵەتی و توانیویانە سەركەوتنی باش بەدەست بهێنن، ئێمەش پەیوەستنامەیەكمان لەگەڵ واژۆكردن بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی بەشداربوون لە پێدانی ماددەی كیمیاوی بەرژێمی پێشووی عێراق، دوای ماوەیەك لەكاركردن توانیان زانیاری تەواو لەسەر 27 كۆمپانیای چەند وڵاتێك بەدەست بهێنن كە بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی لای ئەوانە ماددەی كیمیاویان بەعێراق فرۆشتووە".
بەگوێرەی ناوەڕۆكی پەیوەستنامەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و دەستەی پارێزەرانی نێودەوڵەتی، دوای بردنەوەی سكاڵاكان، ئەو قەرەبووەی بۆسكاڵاكارانی دۆسیەكە تەرخان دەكرێت 40%ی دەدرێتە دەستەكە و 60%ی قەرەبووەكە دەدرێتە قوربانیانی سكاڵاكار، لەبری هەموو ئەو ئەركانەی دەستەكە لەدۆسیەكەدا دەیكێشێت.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی گوت: "هەر وڵاتێك كۆمەڵێك یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و تۆمار كردنی سكاڵای یاسایی لەسەر هەر كۆمپانیایەك رێوشوێنی تایبەتی پێویستە، بۆیە ئەو دەستەیە بۆئەوەی بتوانن سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار بكەن، پێویستە پاڵپشتیەكی یاساییان هەبێت لەناوخۆی عێراق یان هەرێمی كوردستان تا ئەو كۆمپانیایانە تاوانبار بكرێن ئەگەر بەنائامادەییش بێت.
بۆدادگایی كردنی ئەو كۆمپانیایانەش لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسایەكی تایبەتمان دایە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی تا لەڕێیەوە ئەو كۆمپانیایانە دادگایی بكرێن و تاوانەكە بخرێتە پاڵیان و پاشتر پشت ئەستوور بەو تۆمەتباركردنە بتوانین لەدادگا نێودەوڵەتیەكاندا سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بكەین".
بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، تائێستا ناوی 450 كۆمپانیای چەند وڵاتێكی جیاواز وەك تۆمەتبار لەدۆسیەی فرۆشتنی ماددەی كیمیاوی بەرژێمی پێشووی عێراق ناویان هاتووە و لەو چوارچێوەیەدا دەستە دادوەریەكە زانیاری تەواوی لەسەر 27 كۆمپانیا بەدەست هێناوە، كە زۆرترینیان كۆمپانیای فەڕەنسین و ئەو وڵاتەش سكاڵای سەر كۆمپانیاكانی پەسەندكردووە، تەنانەت وردەكاریی گرێبەستەكانی نێوان ئەو كۆمپانیایانە و حكوومەتی عێراقیان دەستكەوتووە بۆچۆنیەتی گواستنەوەی ئەو ماددە كیمیاویانە بۆعێراق.
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی "ئەو كاتەی پەرلەمان بەردەوام بوو لەسەر كارەكانی ئێمە ئەو پرۆژە یاسایەمان دایە پەرلەمانی كوردستان، پێش ئەوەش لەگەڵ سەندیكای پارێزەران گفتوگۆمان كرد، بۆئەوەی بتوانین پەلە بكەین لەدەركردنی ئەو یاسایە بۆپێكهێنانی دادگایەكی تایبەتمەند بەدادگایی كردنی ئەو كۆمپانیا تۆمەتبارانە و سزادانیان ئەگەر بەشێوەیەكی غیابیش بێت، تا بەرنامەی ئەو دادگایی كردنانە بتوانرێت لەدادگا نێودەوڵەتیەكاندا سكاڵا لەدژیان بجوڵێنرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دروست بوونی ئەو بارودۆخەی بووە هۆی پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاسایەش پەسەند نەكرا و كارەكانی دادگایی كردنی كۆمپانیا تۆمەتبارەكان وەستاوە".