سلێمانی
ھەورامان ناوچەیەکی شاخاوی و پڕ لەدارو درەختە، ھەروەھا بووەتە ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، لەتەواوی شارەکانی عێراقەوە گەشتیاران رووی لێدەکەن.
ناوچەکە سەربە پارێزگای سلێمانییە، بەڵام تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لەشێوەزارو خواردن و جلوبەرگدا، گوێزی ئەو ناوچەیە بەناوبانگە لەھەرێمی کوردستان و عێراقدا.
شوێنە گونجاوەکانی ئەو ناوچەیە بۆ سەیران و سەفا بریتین لە (ئەحمەد ئاوا، ئاوێسەر، تەوێڵە، بیارە، چاوگ، وەزەنێ، زەڵم و ھاوار) ڕۆژانی گەرمی ھاوین بەگشتی و ڕۆژانی جەژن و بۆنەکان ئەم ھاوینە ھەوارانەجمەیان دێ لەگەشتیاران.
بەرپرسانی فەرمانگەی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە دەڵێن جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ رێژەی گەشتیار بۆ ئەو ناوچەیە زۆر زیادییکردووە، بەشی زۆریان لەناوچەکانی خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە بۆی چوون.
سامان کەریم بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی " تەنیا لەچوار رۆژی جەژندا زیاتر لە٢٥ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ناوچەی ھەورامان، ئەوە رێژەیەکی زۆرە لەچاو ژمارەی گەشتیاران لەجەژنی ساڵی پاردا"
ناوچەکە بۆخۆی دڵگیرو خۆشە، بەڵام گەشتیاران باسی نەبوونی تەلاری میوانخانەو کەمی خزمەتگوزاریی دەکەن لەھەوراماندا. ھەروەھا بۆ حەسانەوە شوێنی کەم ھەن لەچاو قەرەباڵخی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە دەڵێ" ئێستا چەند پڕۆژەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار لەھەورامان لەجێبەجێکردندان بەتایبەتی پرۆژەی دروستکردنی ڕێگایەکی تایبەت بۆ شوێنە سەختەکانی وەکو (سەرچاوەی زەڵم) لەئەحمەدئاوا، بەتەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لەھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا ئەنجام دەدرێن".
گەشتیاران ھەریەکەو بەجۆرێ پەسنی ناوچەکە دەدەن، سامی حەمید خەڵکی شاری بەغدایەو بۆ گەشتوگوزار سەردانی ھەورامانی کردبوو گوتی " بەڕاستی سروشتی ئەم ناوچەیە ئێجگار دڵڕفێن و سەرنج ڕاکێشە، وا لەگەشتیار دەکا بەتامەزرۆییەوە جارێکی دیکە سەردانی بکاتەوە".
بەگوێرەی ئاماری (دەستەی گەشتوگوزار)ی ھەرێمی کوردستان لەڕۆژانی جەژنی رەمەزاندا بەگشتی ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ٣١٦ ھەزار کەس بووە، ئەوەش بە بەراورد بە جەژن لەساڵی پاردا ٢١% زیادیکردووە.