ژيان

ھەورامان.. زەماوەندی پیرشالیار

ـ بە بەشداری ھەزاران کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە و شارەکانی تری ئێران، رێوڕەسمی زەماوەندی پیر شالیار لە ناوچەی ھەورامانی تەخت لە پارێزگای سنە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچیت.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 01.02.2019 - نوێکردنەوە : 07.02.2019
ھەورامان.. زەماوەندی پیرشالیار

As Sulaymaniyah
ھەورامان ـ AA

ساڵانە لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا ھەزاران کەس لە پارێزگاکانی تری ئێران و وڵاتانی دەورووبەر، روو لە ناوچەی ھەورامانی تەخت لە سنووری پارێزگای سنە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ بەشداری کردن و بینینی رێوڕەسمی زەماوەندی پیر شالیار لەو ناوچەیە.

زەماوەندی پیر شالیار ساڵانە لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، یەکەم لە ناوەڕاستی وەرزی زستان کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، دووەم لە ناوەڕاستی وەرزی بەھاردایە و بە رێوڕەسمی کۆمسا ناسراوە.

زەماوەندی پیر شالیار رۆژی یەکەم (چوارشەممە) لە بەری بەیاندا بە کڵاورۆشنە دەستپێدەکات و لەلایەن منداڵانەوە گوێزی باخی پیرشالیار بەسەر منداڵ و ماڵانی شارەدێیەکەدا بڵاودەکەنەوە، دواتر بە ئەنجامدانی قوربانی و دابەشکردنی گۆشتەکەیی و ئامادەکردنی خوان بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەکە، ھەروەھا ژەنینی دەف و تەھلیلەی دەروێشان و سرووتە ئاینییە عیرفانییەکان لەلایەن گەنجان و پیرانی ھەورامانەوە بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.

پیر شالیار کەسایەتییەکی کۆنی ناوچەی ھەورامانی تەختە و مەزارەکەشی دەکەوێتە ھەمان ناوچەکەوە کە رۆژانە خەڵک سەردانی دەکەن، لە بارەی کەسایەتی و ئاینی پیر شالیارەوە سەرچاوە مێژووییەکان و دانیشتووانی ناوچەکەش رای جیاواز ھەیە، بەڵام ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی لە سەردەمی خۆیدا پیرێکی ئاینداری خۆشەویست بووە لەلای خەڵکی ناوچەکە.

لە دوای خۆی لە کۆنەوە دانیشتووانی ناوچەی ھەورامانی تەخت ساڵانە لە رۆژی زەماوەند و ئاھەنگی ھاوسەرگیری پیرشالیار کە ئەفسانە و چیرۆکی تایبەت لەسەر ھاوسەرگیرییەکەی ھەیە، رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار دەکەنەوە کە وەک سەرپەرشتیارانی زەماوەندەکە دەڵێن، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.

ھەورامانی تەخت بۆ خۆی ناوچەیەکی کوێستاناوی و شاخاوییە و سرووشت و دیمەنی ماڵەکانی ئەم ناوچەیەش کە بەقەدپاڵی چیایەکی گەورەوەیە زیاتر سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیدا رادەکێشێت، لە رێوڕەسمی زەماوەندی پیر شالیاریش دانیشتن و روانینی پیر و گەنج ، ژن و پیاوانی ھەورامان لەسەر سەربانی ماڵەکانیان بۆ بینینی رێوڕەسم و چالاکییەکانی بەشدارانی زەماوەندەکە زیاتر سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ساڵانە بۆ بینینی ئەم دیمەنانە لە کاتی زەماوەندەکەدا سەردانی ناوچەکە دەکەن، بەشێکی زۆری رۆژنامەنوسانیش لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەش بۆ روماڵکردنی زەماوەندەکە و گواستنەوەی دیمەنە جوانەکانی کاتی زەماوەندەکە سەردانی ھەورامانی تەخت دەکەن.

مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتێکی ناوچەی ھەورامان، ناسری میرزایی کە ئامادەی رێوڕەسمی ژەنینی دەف و زیکری دەروێشانی زەماوەندەکە بوو لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم رێوڕەسمە کە ئەمڕۆ تێیدا بەشدارین ناسراوە بە زیکر و سەماعی دەروێشانە کە بۆ ٩٥٠ ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی پیر شالیار دەگەڕێتەوە ، ساڵانە لەم ماوەیەدا بەڕێوە دەچێت و خەڵکێکی زۆر بەم زیکرە ئاشنا دەکرێن".

حەسەن ئەحمەد تەمەن ٦٠ ساڵان لە شاری سلێمانییەوە بۆ بینینی چالاکییەکانی زەماوەندەکە سەدان کیلۆمەتری بڕیوە و ھاتووەتە ناوچەکە بۆ بینینی زەماوەندی پیرشالیار و چالاکییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە بەو بۆنەیەوە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چەند ساڵە ساڵانە خولیای سەردانی ئەم ناوچەیە و بینینی ئەم دیمەنانە بوم لە نزیکەوە، ئەمساڵ سەرەڕای کەشوھەوای ناوچەکە و بارینی بەفڕێکی زۆر و دروستکردنی ئاستەنگی ھاتوچۆ لە گەیشتن بەم ناوچەیە، بەڵام ناوچەیەکی گەشتیاری خۆشە و دیمەنەکانی ئەم زەماوەندەش خۆشترە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın