ژيان

ھونەری بیناسازی لە ھەورامان

ـ ناوچەی ھەورامان بە زمان و کولتوور و دابونەریت تەنانەت ھونەری تەلارسازی و بیناسازییەکەی ناسراوە و پارێزگاری لە خەسڵەتی خۆی کردووە، ھونەری بیناسازی لە ناوچەکانی ھەورامان بەشێوازی کۆنی مێژوویی خۆی ماوەتەوە و زۆربەی خانووەکان تەنھا لە بەرد دروستکراون.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 05.02.2019 - نوێکردنەوە : 07.02.2019
ھونەری بیناسازی لە ھەورامان

As Sulaymaniyah

ھەورامان ـ AA

مێژووی تەلارسازی ئاماژەیە بۆ شارستانیەتی ھەر گەل و نەتەوەیەک، ھەورامییەکان پارێزگارییان لەو شارستانیەتەی خۆیان کردووە و تا ئێستاش ھونەری کۆنی بیناسازی و تەلارسازی خۆیان پاراستووە و نەوە لە دوای نەوە ھەوڵیان داوە ئەو خەسڵەتە کۆنەی باوباپیرانی خۆیان بپارێزن.

سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە ئەندازە و ھونەری تەلارسازی لە جیھاندا ھاتووەتە کایەوە، بەڵام تا ئێستا ھەورامییەکان مکوڕن لەوەی دەست بەو ھونەرە کۆنەی ناوچەکانی خۆیانەوە بگرن و خەسڵەتی خۆیان لە ھەموو بوارەکان بە بواری بیناسازیشەوە بپارێزن و رێگا نەدەن بیناسازی سەردەم ناوچەکانی ئەوانیش بگرێتەوە و شێوازی بیناسازییان بگۆڕێت.

سنوری جوگرافی ناوچەی ھەورامییەکان بەسەر عێراق و ئێراندا دابەش بووە، گوند و شارۆچکەکانی ناوچەی ھەورامان دەکەونە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە ئێران و ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.

لە رووی جوگرافییەوە ناوچەی ھەورامان ناوچەیەکی شاخاوی سەختە و زۆربەی گوندەکانی ئەم ناوچەیەش بە قەدپاڵی چیاکانەوە دروستکراون، بەتایبەت ئەو گوندانەی دەکەونە سنووری ئێرانەوە ناوچەیەکی شاخاوی سەخت و دژواریان ھەیە و جگە لە شاخ و دۆڵ و بانەکان رووبەری دەشتایی لەم ناوچانەدا بەدی ناکرێت.

ھەورامییەکان بەردەوام لەگەڵ سەختی ژیان و دژواری ناوچەکانیان جەنگاون و لە رووی بیناسازییەوە ھەوڵیان داوە بۆ دروستکردنی شوێنی حەوانەوەی خۆیان بە شێوازێک بگونجێت لەگەڵ ژینگە و سەختی ناوچەکەیاندا.

زۆربەی زۆری خانووەکانی ناوچەی ھەورامان لە کۆنەوە بە بەرد دروستکراون و سەری خانووەکانیش بە دار و خۆڵ داپۆشراون، ئەستووری دیوارەکان دەگاتە ٦٠ سنتم تاوەکو بەرگری لە سەرمای زستانی ناوچەکە و گەرمی ھاوین بکات.

شارەدێی ھەورامانی تەخت لە سنووری پارێزگای سنە لە ئێران کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە ٧٠٠ خێزان، دیارترین نموونەی ھونەری تەلارسازی ھەورامییەکانە کە ھەموو خانووەکانی ئەم گوندە لە بەرد دروستکراون .

شێوازی دیزاینی خانووەکانی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکە کە خانوو لەسەر خانوو بەشێوەی پلە پلە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دروستکراون، سەربانی ھەر ماڵێک دەبێتە حەوشەی ماڵی سەرەوە.

لەم ناوچەیەدا جگە لە خانووەکان، تەنانەت ھەموو پڕۆژەکانی تری ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری و دیواری گەورەی راگر و قادرمە و مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە و دیکۆرەکانی تریشیان بە بەرد و بە شێوەیەکی ئەندازەیی جوان دروستکردووە، دیمەنی جوانی ئەو بیناسازییەش سەرنجی گەشتیار بۆ خۆی رادەکێشێت و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ بینینی دڵگیری ئەو ناوچەیە سەردانی دەکەن.

خەڵک و پیاوە بەتەمەنەکانی ئەم ناوچەیە جیاوازن لە ناوچەکانی تر و بە ھۆی پاکی ژینگە و خۆراک و جوڵەی بەردەوامی رۆژانەیان کە بە ھۆی ھەڵکەوتەی ناوچەکەوە ھەڵبەز و دابەزینێکی زۆر دەکەن، سەرەڕای ھەڵکشانی تەمەنیان گوڕ و چالاکی خۆیان ھەیە و ژمارەی ئەو پیاوە بەتەمەنانەی لەم ناوچەیەدا دەبینرێن زیاترن لە ھەر ناوچەیەکی تر و تەندروستییەکی باشتریان ھەیە.

ئەوان لە بارەی ھونەری بیناسازی و بەکارھێنانی بەرد لە دروستکردنی خانووەکانیان، باس لەوە دەکەن ھەڵکەوتەی ناوچەکەیان بە شێوەیەکە کە بەرد توانای بەرگەگرتنی زیاتری سەرمای ناوچەکەی ھەیە و ناوچەکەش بۆ خۆی کانێکی گەورەی بەردە کە ھاوکار بووە بۆ ئەو مەبەستە.

مەسعود حەمەسەعید دانیشتوویەکی ناوچەکەیە، ئەو لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" ھەموو خانووەکانی ئەم ناوچەیە بە بەرد دروستکراون، لەناو دیوارەکانیشدا پارچەیەک داری توو یان گوێز دادەنرێت کە لە زمانی ھەورامی بە دیمەک ناسراوە و ھێز و پتەوی زیاتر بۆ خۆڕاگرتنی دیوارەکە پەیدا دەکات، سەربانی خانووەکانیش بە دار و خۆڵ داپۆشراون.

ئەو گوتی: "لە کۆنەوە لە دروستکردنی دیوارەکاندا تەنھا بە وشکە کەڵەک دروستکراون، واتە لە دروستکردنی ئەو دیوارانەدا تەنھا بەرد بەکارھێنراوە و بەشێوازێکی جوان لەسەر یەک دانراون و ھیچ چیمەنتۆ و خۆڵێک بۆ راگرتنی بەردەکان بەکار نەھێنراوە، ماڵەکەی خۆم بەو شێوازە دروستکراوە و ئەستووری دیوارەکەی دەگاتە ٦٠ سنتم کە سەرماو گەرما لە دەرەوە ناگاتە ناو ماڵەکە".

ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا ھەمان شێواز لە دروستکردنی خانوو لەم ناوچەیە بەکار دەھێنرێت، بەڵام ھەندێک ماڵ بۆ دیوی ناوەوەی خانووەکانیان بۆ دیواری چێشتخانە و ژووری خەوتن بلۆک یان خشت بەکار دەھێنن و رووی دەرەوەی خانووەکەش ھەر بە بەرد دروست دەکەن.

مەسعود باس لەوە دەکات، بەکارھێنانی بەرد جگە لەوەی دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشێوە، کاریگەری سەرمای سەختی زستانی ناوچەکەی لەسەر ماڵەکان نەھێشتووە و بۆ ماوەی دەیان ساڵیش خانووەکان وەک خۆیان دەھێڵێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın