لە ناوچەی سیدەکان کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی باکووری هەرێمی کوردستان باشترین جۆری ھەنگوینی تێدا بەرھەم دههێندرێت.
لهمبارهیهوه ئەندازیاری کشتوکاڵی ئەحمەد سۆفی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باشترین جۆری ھەنگوین ئهو کاته بەرھەم دێت کە ھەنگەوان ھەنگەکانی لە کەش و ھەوایەکی سازگار و لە ناو زۆرترین گوڵدا دابنێت، ناوچەی سیدەکانیش لەو جۆرە شوێنانەیە كه من باسی دەکەم، ھەر بۆیە باشترین جۆری ھەنگوین لەو شوێنە بەرھەم دێت. ھەر پوورەیەک لە ھەنگ کاتێک ھەنگەکان تەنیا شیلەی گوڵ بمژن رۆژانە ٣٠٠ گرام کێشەکەی زیاد دەکات، بەڵام کە شەکر بدرێت بە ھەنگەکان رۆژانە نزیکی ٢ کیلۆ گرام کێشی پوورەکە زیاد دەکات".
مێش ھەنگ پێشتر لە ئێرانەوە دەھات، بەڵام ئێستا قەدەغەکراوە و ھەنگەوانان ھەوڵی بەقاچاخ ھاوردەکردنی دەدەن، ئەمە گوتەی ھەنگەوان عەبدوڵڵا محەمەدە.
عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر ھەر پوورەیەک ھەنگ کە ٤ ھەزار مێش و زیاتریشی لەخۆدەگرت بە ١٢٠ ھەزار دینار بوو و ئەو پورانە لە ئێرانەوە دەھات، بەڵام ئێستا ھاوردەکردنی قەدەغەیە و بەقاچاخ بۆمان دێنن بەھەمان نرخی پێشوو. ھەنگوینی ئێرانی ناتوانێت رکابەری ھەنگوینی ناوخۆ بکات، چونکە ھەنگوینی کوردستان جۆرەکەی باشە و سەرەڕای بەرزی نرخەکەی، بازاڕی نەشکاوە و خەڵک وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشی بەکاری دێنن به تایبەت ئەو ھەنگوینەی کە مێشەکانی تەنیا شیلەی گوڵیان مژیوە".
سەبارەت بە پرسی ھێنانی مێش ھەنگ، بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەنوەر عومەر گوتی: "ھێنانی مێش ھەنگ قەدەغە نییە ئەگەر بەبێ شانەکەی بێت، چونکە شانەکەی نەخۆشی پێوەیە و نەخۆشییەکەش گوازراوەیە. ئەم بڕیارەشمان لە پێناو پاراستنی مێش و بەرھەمی ھەنگوینی ناوخۆ دەرکردووە. مێش تەنیا لە ئێرانەوە نایەت بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپاش دێت، بەتایبەت یۆنان و ھۆڵەندا".
ھەنگوینی کوردستان بۆ ھەر کیلۆیەک نرخەکەی تاوەکو ٨٠ ھەزار دەڕوات و ھەنگوینی ئێرانی کیلۆی ١٠ ھەزار دینارە.
لهمبارهیهوه سەڵاح بەقاڵی ھەنگوین فرۆش لە شاری ھەولێر گوتی: "ھەنگوینی ئێرانی تەنیا ناوی ھەنگوینە و سوودێکی ئەوتۆی نییە چونکە شەکر دەرخواردی ھەنگەکان دراوە. ھەنگوینی کوردستانیش کیلۆی لە ٣٠ ھەزارەوە تاوەکو ٨٠ ھەزار دینار دەڕوات. نرخ بەرزترینیان ئەوەیە کە لە ناوچەی شاخاوی بەرھەم دێت و شەکر و ھیچ پڕۆتینێکی پێنەدراوە".
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەھەرێمی کوردستان ٢١٤ ھەزار و ٤١٤ پورەی ھەنگ ھەیە کە ١٠ ھەزار و ١٧٧ ھەنگەوان کاری لەسەر دەکەن و بەرھەمی ساڵانەیان ناگاتە ٨٠٠ تۆن ھەنگوین کە بەشی زۆری لە شاری ھەولێر و کەمترین رێژەش لە ئیدارەی گەرمیان بەرھەم دێت.
پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە تاوەکو ساڵی ٢٠١٨ بەرھەمی ھەنگوینی ناوخۆ بگەیەندرێتە ٩٤٧ تۆن. بۆ ئەم مەبەستەش چەند ھاوکارییەکی ھەنگەوانانیان کردووە دیارترینیان بریتین لە دابینکردنی بڕی ٧٢٤ ملیۆن دینار بۆ ساڵی ٢٠١٣ و دابین کردنی بڕی ٣٤٦ ملیۆن و ٢٢٥ ھەزار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٤ كه یارمهتی ھەنگەوانان دراوە ئهمه جگه له کڕینی پێداویستییەکانی ھەنگەوانی بۆ ھەنگەوانان، ئەنجامدانی خولی مەشق و راھێنان و پێدانی قەرزی کشتوکالی بە ھەنگەوانان بەبێ زیادە خستنەسەر کە بڕی قەرزەکە لە ٨٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دینارە.