دھۆک
ھاووڵاتیانی گوندە سنورییەکانی پارێزگەی دھۆک ئاشکرایانکرد خەڵکی سوریا بە رێگەی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی قاچاغ دێنە ناو ھەرێمی کوردستان.
لەمبارە رۆژنامەوان ئەحمەد ئەدنی کە لە دەڤەری کانی ماسێی نزیک سنوری تورکیا ژیان بەسەر دەبات، بۆ AA گوتی: "رۆژانە ژمارەیەک لە خەڵکی دەڤەرە جیاجیاکانی سوریا بەناو خاکی تورکیا دا و بەقاچاغ دێنە ناو ھەرێمی کوردستانی عێراق."
ھەروەھا گوتی: "ماوەی ١٠ رۆژە بە شێوەیەکی بەردەوام کوردانی سوریا لە قامیشلۆ بە قاچاغ دێنە ناو سنوری تورکیا و لەوێشەوە ھەر بە قاچاغ دێنە ناو سنوری ھەرێمی کوردستان. زۆربەیان لە سنوری پارێزگەی شرنەخەوە دێنە ناو ھەرێم و لە گوندی (ئۆرە)ی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی و گوندی نزدوری سەر بە قەزای زاخۆ سنوور دەرباس دەکەن."
گوندی ئۆرە دوو کیلۆمەتر و گوندی نزدرەش سێ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا دورن.
ئەرەدنی ھەروەھا گوتی: "ھەریەک لەو سوریانە بۆ گەیشتن بە عێراق و ھەرێمی کوردستان ١٠٠٠ دۆلاری ئەمریکیان داوەتە قاچاغچیەکان و دواتر دەچنە پارێزگەکانی ھەولێر و دھۆک. دوێنێش ھێزەکانی ئاسایش لە کانی ماسێ ١٠ لە کوردانی سوریایان دەستگیرکرد کە بەقاچاغی ھاتبوونە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان."
لە کۆتایی مانگی رابردو پارتی یەکێتی دیموکرات PYD بە یەکجاری دەرگەی سنوری سێمالکای لەگەڵ ھەرێمی کوردستان داخست و ئەمەش بۆ بە ھۆکار خەلکی کوردی سوریا ھەوڵ بدەن بە قاچاغی بگەنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان.