ھەولێر
دوای گەڕانەوەی شڤان پەروەر بۆ تورکیا لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەمجارەیان چاوی خەڵک لە گەڕانەوەی ئەو ھونەرمەندە کوردانەیە کە لە ھەندەرانن، یەک لەو ھونەرمەندانە کەسایەتی ناسراوی ھونەری کوردی نیزامەدین ئاریچە.
نیزامەدین ئاریچ لە ئەڵمانیا دەژی و لە رێی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کردو گوتی: "ئەوا ٣٣ ساڵە نەگەڕاومەتەوە تورکیا، خوازیارم بگەڕێمەوە چونکە بە ویستی خۆم تورکیام بەجێ نەھێشتووە. بە ھۆی گوتنەوەی گۆرانییەکی کوردیی، ژیانی من گۆڕا و چیرۆکی ژیانی ئاوارەیی من دەستیپێکرد."
ئاریچ لەبارەی ژیانی خۆی زیاتر گوتی: "رۆژی ١٥ نیسانی گشت ساڵێ، وەکو رۆژی رزگاریی ئاگری لە دەستی داگیرکەران پیرۆز دەکرێ، ساڵی ١٩٧٩ من بەشدارییم لە رێوەڕەسمی ساڵیادی رزگارکردنی ئاگری کرد کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی دەوڵەت ئامادە بوون، دوو سەعات بە زمانی تورکی گۆرانیم گوت، لە سەر داواکاری ئامادەبووان گۆرانی " ئەحمەدێ رۆنێ" کە ئەمڕۆ زۆر کەس بە ئازادی لە تورکیا دەیڵێنەوە گوتەوە، بە ھۆی ئەو گۆرانییەوە دەستگیرکرام دواتر بە ھۆی گوشاری خەڵکەوە ئازادکرام بەڵام داواکاری گشتی کۆماریی داوای پێنج تا ١٥ ساڵ سزای زیندانی بۆ من دەکرد."
ئاریچ ئەو کاتەی دەستگیرکرا کارمەندی کەناڵی تی ئار تی بوو، لەوێ لەسەر کار لادرا، دواتر لە گازینۆ ناودارەکانی ئیستەنبوڵ گۆرانی دەگوتەوە: "لەوێش وایان لێکردم کە نەتوانم گۆرانی بڵێم، رۆژ لە دوای رۆژ ژیانیان لێتاڵ دەکردم، دوای ئەو ھەموو گوشارە سەردەمی کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دەستیپێکرد، نەمانتوانی ھەناسە ھەڵبمژین و گۆرانی بڵێینەوە، چواردەورم گیرا و دەورپێچ کرام بۆیە بە ناچاریی لە تورکیا دەرچووم، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئاوارەم."
نیزامەدین بەو جۆرە قسەکانی خۆی بەردەوامکرد: "من ئێشی دووری لە وڵات لە دایکوباوک، برا و خزم و کەسوکارم کێشا. ھێشتا ئەو ئازارە دەچێژم، ناتوانن لە خۆشی و ناخۆشییەکانم بەشداربن، ناتوانم لە باوەشیان بگرم، دەردی دووری دەردێکی کوشندەیە ئەو گۆرانییە کە بە ھۆی پەیوەندیی تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆم و دایکم" گۆرانی دایێ رۆژێک دێ" ئامادەم کردووە جارجار تۆزێک سەبوورییم بۆ دێنێ."
ئاریچ گوتی: "لەو ساڵانە کە قەدەغەکاریی لە تورکیا لە ئاستی ھەرە بەرزدابوون دایک و باوکم کۆچی دواییانکرد، نەمتوانی خوا حافیزییان لێبکەم، تا ئێستایش نەمتوانیوە سەردانی گۆڕەکانیان بکەم. دوای دەرکەوتنم لە تورکیا دایکوباوکم پورو خاڵۆکانم لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خزم و کەسانم لە دەستدا، نەمتوانی خوا حافیزییان لێبکەم".
ئاریچ دواجار رایگەیاند: "ئەمە بۆ من زۆر ناخۆش و گرانبوو، ھیوادارم ئەو ئێشانە نەبن بە نسیبی ھیچ کەسێ. ٣٣ ساڵە وڵاتی خۆمم نەبینیوە و بۆ گەڕانەوەیش تا ئێستە ھیچ ھەوڵێکم نەداوە، زۆر حەزم لەوەیە سەردانی مەزاری دایک و باوکم بکەم.
مەرجی من بۆ گەڕانەوە پەروەردە بە زمانی کوردییە بۆ ئەوەی کەسانی وەک من کاتێ گەڕانەوە بتوانن ھونەری خۆیان بە زمانی خۆیان بەردەوام بکەن. گەڕانەوەی شڤان پەروەر منی زۆر دڵخۆشکرد، من سڵاوم ئاراستەی چاوپێکەوتنە گەورەکەی دیاربەکر کرد".
نیزامەدین ئاریچ لە ساڵی ١٩٥٦ لە ئاگری لە دایکبووە، ھونەرمەند و سینەماکارە، چەندین بەرھەمی گرنگی ھونەریی ھەیە، لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپا کۆنسێرتی ساز کردووە.