دیالە
عەلی سەباح سالم کە مامۆستای وانەی بیرکاریە لە قوتابخانەی ئەلفوراتەین لە گوندی عرب الزکمی سەر بە پارێزگەی دیالەی باکووری عێراق ھەموو بەیانیەک بە سەیارەی خۆی بێ بەرامبەر لەبەر دەرگەی قوتابیانی گوندی مەعمەل تابوق دەگەڕێ کۆیان دەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە قوتابخانەیەکی سەرەتایی بۆئەوەی فێری خوێندنیان بکا.
مامۆستا جاسم کە لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدایە، لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "ھەموو بەیانیەک کە لەخەو ھەڵئەستم، بەرەو ماڵی قوتابیەکانم دەچم و کۆیان دەکەمەوە و بۆ قوتابخانە ئەیانبەم کە ٧ کیلۆمەتر لە گوندەکەمان دوورە و دوای کۆتاییھاتنی دەوامی فەرمی ئەیانگەڕێنمەوە ماڵەکانیان."
جاسم لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "من ئەو کارە دەکەم بۆئەوەی مناڵان لە خوێندن بێبەش نەبن. کەس و کاریان توانای ئەوەیان نییە پارەی گواستنە دابین بکەن و لەم حاڵەشدا ئەو قوتابیانە بۆ چەند سەعاتێک لەم رەوشە ئەمنیە خەراپە ئەبێ بە پێ بڕۆن تا ئەگەنە قوتابخانەکەیان بۆیە من لەگەڵ خۆم ئەیانبەم و ئەیانگەڕێنمەوە. کەس و کاری ئەو قوتابیانە لەبەر ناکۆکی مەزھەبی گوندی خۆیان ئەبی زەید جێھێشتووە و ھاتونەتە گوندی ئێمە. قوتابخانەیەک لە گوندەکەمان ھەیە بەڵام ژمارەی قوتابیان گەلێ زۆر بوو، بۆیە ھەندێ خواپێداوانی گوندی عرب الزکم قوتابخانەیەکیان دروستکرد و منیش بێ بەرامبەر و خۆبەخشانە ھاتوچۆ بەو قوتابیانە ئەکەم."
ئیناس جەلیل یەکێک لەو قوتابیانەیە و تەمەنی ھەشت ساڵە، بە پێکەنینەوە لەگەڵ ھاوڕێ قوتابیەکانی بەرەو قوتابخانە ئەرۆشت و گوتی: "من قوتابخانەم خۆشەوێ، دەمەوێ فێربم، ئێمە پێنج خوشک و براین و سێمان دەخوێنن و دوانی دیکەش بچوکن، مامۆستاکەمان ھەموو رۆژێک ئەمانباتە قوتابخانە، ئێمە مامۆستا عەلیمان زۆر خۆشەوێ."
باسم خەلیل کە تەمەنی حەوت ساڵە گوتی "قوتابخانەی ئێمە لە گوندی عرب الزکم ە و من ھەموو رۆژێ ئەچمە قوتابخانە و ئەگەر مامۆستا عەلیش نەتوانێ بمگەیەنێ، ئەوا بەپێ ئەچم بۆ قوتابخانە چونکە من قوتابخانەم زۆر خۆشەوێ و دەمەوێ بخوێنم بۆئەوەی لە پاشەرۆژدا ببمە مامۆستا و مناڵانی گوندەکەم فێر بکەم."
(ئیبراھیم مەعن) کە لە پۆلی سێی سەرەتایی ئەخوێنێت کە لەگەڵ چوار برای لەناو سەیارەن، ئاشکرایکرد مامۆستا عەلی ھەمو رۆژێک ئەوان ئەگەیەنێتە قوتابخانە لەبەر ئەوەی رەوشی مادیان خەراپە، گەر ھاوکاری مامۆستا نەبوایە نەیان ئەتوانی لە خوێندن بەردەوام بن و گوتی: "من قوتابخانەم خۆشەوەێ و ئەمەوێ بخوێنم."
ئەو ڕێگەیەی سەیارەی مامۆستا عەلی و قوتابیەکانی پێدا تێپەڕ ئەبێ، قیرنەکراوە و پڕە لە تاسە و ئەوەی لە ھەموشی سەیرتر ئەوەبوو ئەو قوتابخانەیەی بۆیان دروستکراوە و تێیدا دەخوێنن، تەنیا لە دوو ژووری بچوک پێکھاتووە و لەدەرەوەش ئاودەستێکی ھەیە کە ھیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانیە.
کاتێک تیمی AA ویستی لە قوتابخانە نزیک بێتەوە و لە نزیکەوە وێنەی بگرێ؛ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە رێگەی نەدا داوای کرد لە قوتابخانەکەیان دووربکەونەوە و گوتی: "وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن وێنەگرتنی لەو قوتابخانەیە قەدەغەکردووە و گەر ئەتانەوێ ئەو کارە بکەن دەبێ سەرەتا نوسراوێکی فەرمی لە وەزارەتەوە بھێنن."
بەپێی یاسای عێراقی، فێربون و خوێندن لە قۆناغە سەرەتاییدا بۆ منداڵان ئیلزامیە و دەوڵەت تێچووی ئەو خوێندنە لەئەستۆ دەگرێ و ئەمەش بەپێی رێکەوتنی جیھانی مافەکانی منداڵ کە ساڵی ١٩٨٩ راگەیەنراوە و ساڵی ١٩٩٠ و بەپێی بڕیاری ٤٩ی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.