ئەدەنە
مزگەوتی یوسف بایساڵی لە ناوچەی قۆزان سەر بە پارێزگای ئەدەنە لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە ٣٠ جار دزی لێکراوە.
مەلا محەمەد ئەرۆغڵو پێشنوێژی مزگەوتی یوسف بایساڵ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەش ساڵە لەو مزگەوتەدا پێشنوێژم و تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ جار دزی لێکراوە، دوایین جار ئامانجی دزەکان سندوقی پارەی مزگەوت بووە".
مەلا محەمەد ئەرۆغڵو گوتی: "بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانەی مزگەوت سندوقێکی گچکەمان بۆ کۆکردنەوەی پارە دانابوو، دزەکانیش سندوقەکەیان شکاندووە و ئەو پڕە پارە کەمەی کە تێیدا بووە دزیویانە، بۆیە منیش نامەیەکی ھەڕەشە ئامێزم نووسی و خستمە نێو سندوقەکەوە، زۆربەی ھەرە زۆری شت و مەکی نێو مزگەوت، مایکەکان و شوێنی دانانی پێڵاوی خەڵک و چەندین شتی دیکەی مزگەوتەکەمان دزراون، چەندین جار دەرگای ژوورەکەی منیشیان شکاندووە، ئەو سندوقەی کە بۆ کۆکردنەوەی پارە لە تەختە دروستمان کردبوو شکاندوویانە و تێیدا بڕە پارەیەکی کەم ھەبوو ئەویشیان دزیوە."
مەلا محەمەد بەمجۆرە نامەی بۆ دزەکان نووسیوەو خستوویەتییە نێو سندوقەکە: سەیر بکە ئەی برای دز، نازانم کافری یا موسڵمان؟ ئیتر بەسە واز لەم مزگەوتە بێنە، ئەگەر بە ڕاستی پێویستت بەو سێ قروشەی نێو سندوقی مزگەوتە، وەرە با من کارێکێت بۆ بدۆزمەوە، تا لە رێی حەڵاڵەوە زکی خۆت تێرکەی، بەسە ئیتر لە خوا بترسە.