Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2019
سلێمانی ـ AA
پڕۆژەی رێگای جووت سایدی ھەڵەبجە ـ سەیدسادق یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ناوچەکە و بەتەواو بوونی سوودی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت و ماوەی دووری رێگای نێوان ھەردوو شاری سلێمانی و ھەڵەبجەش کەم دەکاتەوە.
پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بڕیار بوو لە میانی دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە ھۆی چەند کێشە و گرفتێک و سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستاش کارکردن لەو پڕۆژەیەدا بەردەوامی ھەیە.
بوودجەی پڕۆژەکە نزیکەی ٩٠ ملیار دینارە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی سەرپەرشتی دەکرێت و لە لایەن کۆمپانیایەکی تورکی بە ھاوکاری چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، کاوە عەلی لە بارەی پڕۆژەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کارکردن لەم پڕۆژەیە بەردەوامی ھەیە و ئەو دوو پردە سەرەکییەی لە رێگاکەدا ھەیە لە تەواوبووندایە و پردێکیان ئیش و کارەکانی کراوە و پردەکەی تریش لە میانی ھەفتەیەکدا تەواو دەبێت".
کاوە عەلی گوتی: "لە دوای تەواوبوونی پردەکان ئەوەی لە رێگاکەدا دەمێنێتەوە، پڕکردنەوەی رێگاکە و قیرتاوکردنییەتی کە ئەگەر کەشوھەوا خۆش بێت و باران بارین رێگا بدات، چاوەڕوان دەکەین تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کارەکانی پڕۆژەکە تەواو ببێت و رێگاکە بکرێتەوە".
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا تەنھا پێنج کیلۆمەتر و نیو لە رێگاکە ماوە پڕ بکرێتەوە و قیرتاو بکرێت.
درێژی ئەو رێگایە ٢٧ کیلۆمەتر دەبێت و بە رێگایەکی نوێ ھەڵەبجە و سەیدسادق پێکەوە دەبەستێتەوە و رێگای نێوان ھەڵەبجە و سلێمانی کورت تر دەکاتەوە کە دووری نێوانیان ٨٣ کیلۆمەتر دەبێت.