Ramal Mahmood
25 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2016
جنێف - AA
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵەوە لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تاکو ئێستا نزیکەی ٧٣ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی ئاوارە بوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف ئەنجامیدا، گوتەبیژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، جۆیڵ میلمان رایگەیاند وا دەردەکەوێت لە پێنج رۆژی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە مووسڵ ئاوارە دەبن کەمبووبێتیەوە. ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەدا ٩٨ی ئەو ئاوارانە لەو کەمپانەی لە ناوچە رزگارکراوەکان دروستکراوە، گیرساونەتەوە. ژمارەی ئاوارەکانی مووسڵ لە سەرجەم ئەو کەمپانەی ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کراون گەیشتووەتە ٧٣ هەزار کەس.
لەلایەکی دیکەیشەوە، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، شەش کەمپی پەنابەران لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و سەلاحەدین بەڕووی پەنابەراندا کراونەتەوە. هەروەها هیوای خواستووە بۆ وەرزی زستان هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار عێراقی بکرێت، تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی بڕی ئەو ١٩٦ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلارەی وەک هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی مووسڵ لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داواکرابوو، تاکو ئێستا بڕی ١١١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاری دابینکراوە.