Hamit Hüseyin
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
سەركۆنسولی توركیا و شاندێكی یاوەری سەردانی خانەی بەساڵاچووانی ھەولێری كرد و پیرۆزبایی ساڵی نوێی زایینی لێكردن و ھەروەھا تا زیاتر ئاگاداری رەوشی ئەوان بێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو خانەیە بدرێت.
سەركۆنسولی توركیا مەحمەد ئاكیف ئینام بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە ھاتووین تا لە كۆتا رۆژی ئەم ساڵە پیرۆزبایی لە بەساڵاچووان بكەین و شەرەفمەند بین بەوەی كە ئەوان دڵخوش بكەین تا بڵێین كە ئەوان بەتەنیا نین و ھەروەھا بەساڵاچووانی ئێرە دۆستانی ئێمەن و ھەرێمی كوردستان دراوسێی ئێمەیە و خزمەتكردن بە ھەرێم شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمە و ھەروەھا پێمان خۆش بوو كە لە نزیكەوە كەموكوریەكانیان بزانین و لەگەڵیان گفتوگۆ بكەین و ئێمە بەپێی تواناكانی خۆمان یارمەتیان دەدەین".
لەبارەی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیاش گوتی: "پەیوەندییەكانی ئێمە و ھەرێمی كوردستان تەنیا یەك خاڵ نییە بەڵكو ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندیی مرۆڤی، ئابووری، سیاسیی و سەربازی لەگەڵ ھەرێم و گرنگی پێگەی ئەو پەیوەندیانە سەردانەكەی سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكوومەت بوو بۆ توركیا و ئاسایشی ھەرێمی كوردستان زۆر گرنگە".
لەبارەی سەردانەكەی سەركۆنسولی توركیا بۆ خانەی بەساڵاچووان كامەران توفیق بەرێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی ھەولێر گوتی: "ئێمە خوشحاڵ بووین كە ئەوان دەتوانن یارمەتیدەری ئێمەبن لە دابینكردنی پێداویستی بۆ ئەو بەساڵاچووانە و ھەروەھا ئێمە داواكارین كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و بازرگانانیش زیاتر روو لەو شوێنە بكەن تا بتوانین زیاتر دڵی و ئەو بەساڵاچووانە خۆش بكەین".
ئەو خانەیە لە ساڵی ١٩٧٩ درووست كراوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ یش نوێژەن كراوە ٦٨ بەساڵاچووی تێدایە کە ١٤یان ئافرەتن و ئەوانەی دیكەش پیاون و نزیكەی ٢١ كەسیش پێویستی بە كەسی دووەمیان ھەیە لەو خانەیە. ھەر كەسێك كە لەو خانەیە وەربگیرێت سێ مەرجی وەرگرتنی ھەیە یەكەم دەبێت خەڵكی ھەرێمی كوردستان بێت و دووەم دەبێت پیاو و لە ٦٠ ساڵ تێپەر بووبێت و ئافرەتیش لە ٥٥ ساڵ و سێیەم ناكرێت ھیچ نەخۆشیەكی گواستراوەی ھەبێت.