Hemin Hüseyin
14 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2017
لە رۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھان، وەکو رۆژی خۆشەویستی رێز لەم رۆژە دەگیرێت و عاشقان رۆژێکی تایبەت بەسەر دەبەن و لەم رۆژەدا زۆر کەس لەگەڵ خۆشەویستەکانییان جەژن دەگێڕن و نامەی عاشقانە دەگۆڕنەوە یان کاتێکی پڕ لە خۆشی بەسەردەبەن.
لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ئەم رۆژە بەشێوەی جیاجیا بەڕێدەکرێت و عاشقان روو لە دوکانەکانی گوڵفرۆشی دەکەن تاوەکو گوڵی سوور پێشکەش بەخۆشەویستەکانییان بکەن. خاوەنی دوکانێکی گوڵفرۆشیش ئاماژە بەوە دەکات کە چەند رۆژێک پێشتر خەڵک سەردانی دوکانەکانییان دەکەن بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤالانتیاندا گوڵە سوورەکانییان بەشێوەیەکی جوان بۆ ئامادە بکەین.
خاوەنی دوکانی مای فڵاوەر، شۆڕش مەجید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان سەردانمان دەکەن بەتایبەت چەند رۆژێک پێش رۆژی ڤالانتاین بۆ ئەوەی بەپێی خواستی ئەوان گوڵەکانییان بۆ ئامادە بکەین و ئەمساڵیش خەڵکێکی زۆر داوای کردووە کە گوڵەکانییان بۆ بڕازێنینەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی خۆشەویستەکانییان بکەن".
سەبارەت بەکاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر خواستی هاووڵاتییان، شۆڕش مەجید گوتی: "قەیرانی دارایی کاریگەری ئەوتۆی نەکردووەتە سەر ئەو رۆژە چونکە نەبوونی پارە نابێتە رێگر لەبەردەم خۆشەویستی".
لە هەرێمی کوردستان، جگە لە بەخشینەوەی گوڵی سوور، عاشقان زۆر جار سێوی مێخەکڕێژ پێشکەشی خۆشەویستەکانییان دەکەن و ئەمەش یەکێکە لە دیارییە هەرە بەنرخەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزراو دەبێت و وێنەی دەگیرێت.
مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی رۆمەکان، ئەو کاتەی کە بت پەرستی لای رۆمانەکان وەکو نەریتێکی باو بوو کە ئەوان ئەو جەژنەیان گێڕاوە کە گوزارشت لە خۆشەویستی بتەکان بکات، بۆ ئەم رۆژەش چەندین ئەفسانە دیکە هەیە کە لای رۆمانەکان و دواتریش لای کریستیانەکان و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتانی جیھان ھەر بەردەوام بووە.
لە سەدەی سێیەی زایینیدا ئیمپراتۆری رۆمانی، کلۆدیۆسی دووەم حوکمڕانی رۆمانییەکانی دەکرد و بەھۆی سەرقاڵبوونی بەجەنگەوە، ژنھێنانی لە سەربازەکانی قەدەغەکرد بۆ ئەوەی بەشداری جەنگەکان بکەن و بەژنھێنانەوە سەرقاڵ نەبن، بەڵام قەدیس ڤالانتاین کە رەبەنێکی گاور بووە رووبەڕووی بڕیارەکەی ئیمپڕاتۆر بووەتەوە و بەنھێنی گرێبەستی ژنھێنانی بۆ سەربازەکان ئەنجامدەدا، پاش ئەوەی ئیمپڕاتۆر بەوەی زانی دەستگیری کرد و زیندانی کرد و پاشان بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند و ئەو بڕیارەش لە رۆژی ١٤/٢/٢٧٠ی زاینی جێبەجێکرا، دواتر پاپا رۆژی کوژرانی قەدیس ڤالانتاین بەڕۆژی خۆشەویستی ناوبرد.