Haydar Karaalp
21 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2021
بەغدا - AA
هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی بەناوی عوسمان تەها، ماوەی ٤٨ ساڵە لە شاری بەغدا کاری خۆشنووسی و دروستکردنی دیاریی دەکات.
عوسمان تەها لە بیستەکانی تەمەنیدا شاری سلێمانی زێدی خۆی جێهێشتووە و لە شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا دەستی بە کاری دروستکردنی دیاریی کردووە.
رۆژانە لە بەیانییەکی زووەوە دەست بە خۆشنووسی لەسەر پێنووس، کاتژمێر و کەلوپەلی دیکەی دیاریی دەکات و بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی، ناو، رۆژی لەدایکبوون و شوێن دەنوسێت.
لەئێستادا عوسمان تەها، تەمەنی گەیشتووەتە ٧٧ ساڵ و وێڕای بەرەوپێشچوونی تەمەن بە هەمان جۆش و خرۆشی یەکەم رۆژەوە سەرقاڵی پیشەکەیەتی.
عوسمان تەها بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە گەنجێتیمدا سەرەتا هونەری وێنەکێشان و دواتریش خۆشنووسی فێربووم. جارێک لە خەونمدا لە ماڵێکی داڕوخاودابووم و کەسێک کە زەرفێکی بەدەستەوە بوو، بەرەوڕووم هات و پێی گوتم: 'تۆ دەبیت بە وێنەکێش'. دواتر دەستم بە وێنەکێشان و خۆشنووسی کرد. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان نیم و کارەکەم تەنها بەهرەیەکی خواییە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بەهۆی شەڕی تائیفییەوە ماوەیەک شاری بەغدای بەجێهێشتووە و رووی لە سلێمانی کردووە، گوتیشی: "لە سلێمانی ماوەیەک لە پارکی ئازادی سلێمانی کاری دروستکردنی دیارییم دەکرد، پۆلیسەکانی ئەوێ بەردەوام ئەو قەرەباڵغییەیان بڵاوە پێ دەکرد کە بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک لە دەورم، دروست دەبوو".