Sabri Yıldırım
07 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2021
مووش - AA
ئاژەڵدارانی مووش لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، ئاژەڵەکانیان دەگوازنەوە بۆ کوێستانە جیاوازەکانی پارێزگاکە.
ئەو ئاژەڵدارانەی لە گوندەکانی سوروگودەن، یوجەتەپە، یوکاریسیزما، ساریداڵ و ئیلیجا دەژین لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا ئامادەکاریەکانیان تەواوکرد بۆ گواستنەوەی ئاژەڵەکانیان بەرەو کوێستانەکانی ناوچەکە کە فێنکن و لەوەڕی باشی لێیە.
دوای ئەوەی پێداویستیەکانی نیشتەجێبوونیان بارکردە ناو تراکتۆرەکان، ئاژەڵداران بە خۆیان و ئاژەڵەکانیانەوە بەرەو کوێستانەکان بەڕێکەوتن و دەستیان بە گەشتە سەختەکەیان کرد.
ئەحمەد شانجی کە یەکێکە لە ئاژەڵدارانی ناوچەکە، باسی لەوە کرد کە وەک گوندنشینان بە نزیکەی نۆ هەزار ئاژەڵی بچووک و ٣٥٠ ئاژەڵی گەورەوە بەرەو کوێستان بەڕێکەوتوون کە حەوت کیلۆمەتر لە ناوچەکەیانەوە دوورە.
ئەحمەد شانجی باسی لەوە کرد کە بە تراکتۆر پێداویستیەکانیان لە خۆراک و شتی دیکە دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێی نیشتەجێ دەبن و گوتی: ''بە دەیان تراکتۆر و هەزاران ئاژەڵەوە دەچینە کوێستانەکان. گەشتە سەختەکەمان دەستیپێکرد. لەبەرئەوەی لە گوندەکەماندا وەرزی دروێنەیە ناچارین ئاژەڵەکانمان ببەین بۆ کوێستان. لێرە رۆژانە دووجار ئاژەڵەکان دەدۆشرێن و لە شیرەکەیان پەنیر بەرهەم دەهێنرێت. تازە هاتووین و هەوڵدەدەین نیشتەجێ ببین. دوای نزیکەی دوو مانگ دووبارە دەچینەوە بۆ گوندەکەمان''.
یەکێکی دیکە لە گوندنیشینەکان بەناوی سیری سانجی باسی لەوە کرد کە سەرچاوەی بژێویان ئاژەڵدارییە و گوتی: ''بۆئەوەی ئاژەڵەکەمان لەناونەچن لە گەرمادا روو دەکەینە کوێستانەکان. لێرەدا دوو مانگ دەمێنینەوە و پەنیر و رۆنی خۆماڵی بەرهەمدەهێنین. لەبەرئەوە پێویستە باش چاودێری ئاژەڵەکانمان بکەین. هەموو ئەوانەی لە گوندەکەدا سەرقاڵی ئاژەڵدارین دێنە ئێرە''.