Ramal Abdullah Mahmood
21 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2017
وان – AA
هەموو بەیانیان زوو بێری بۆ مەڕ دۆشین بە سواری ئێستر دەچنە کوێستانەکانی پارێزگای وان کە سێ هەزار مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بڵندن.
لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان، بێریەکانی گەڕەکی بیلگی شارۆچکەی چاتاک بە سواری ئێستر بە تولەڕێیەکدا دوای بڕینی دۆڵی قوڵ و گاشەبەردی سەخت دەگەنە ئەو کوێستانەی مەڕی لێ دەلەوەڕێنرێن.
بێری لەیلا یانکی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە رێگا لە ئێستر بەربۆتەوە و دەستی شکاوە و بە ٢٠ تەقەڵیان لەدەستی داوە و چەندین رۆژ نەیتوانیووە بچێتە کار.
شادیە یاڤاشیش ئاماژەی بەوە دا کە هەموو بەیانیان کاتژمێر ٠٦:٠٠ ملی رێ دەگرن و ئێواران کاتژمێر ٢٠:٠٠ دەگەڕێنەوە ماڵەوە و گوتی: "چەندین جار لە ئێستر بەربوومەتەوە و بریندار بووم. کە بەربیشبوومەتەوە کەس بە هاناماوە نەهاتووە چونکە کوێرە رێیەکی چۆڵ و هۆڵە و کەسی لێ نییە. هەروەها تۆڕی مۆبایلیش نایگاتێ".
موختار ئیحسان ئۆرو ئاماژەی بەوە دا کە کوختەکانی کێڵگەکەی لە ٢٠٠ کوختە پێک دێت و ١٤ هەزار سەر مەڕ و ماڵاتی لێیە و گوتی: "بە هۆی ئەوەی ئافرەتان بەیانی زوو دەڕۆن و تا درەنگ ناگەڕێنەوە منداڵەکانمان وەک پێویست گرنگیان پێ نادرێت. بە هۆی ئەوەی ئەو شیرەی دۆشیویانە بە ئێستر دەیگوازنەوە تایبەتمەندییەکەی لەناودەچێت. بە هۆی خراپی ئەو تولەڕێیەی ئافرەتان پێیدا دەچنە کوێستان نیوەی ئافرەتان لە ئێستر بەربوونەتەوە و دەست و قاچیان شکاوە".
دانیشتوویەکی گەڕەکەکەش بە ناوی حەسەن باغی ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی ٥٠ ساڵە ئافرەتان بۆ مەڕ دۆشین بە سواری ئێستر دەچنە کوێستان.