Salih Baran
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2020
ئەدرنە - AA
ئەو کۆچبەرانەی بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا هاتوونەتە شاری ئەدیرنە کە هاوسنوورە لەگەڵ یۆنان، بەردەوامن لە چاوەڕوانی.
بەشێکی ئەو کۆچبەرانەش بە ئومێدی کرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی یۆنان، لە دارستانەکانی نێوان دەروازەی سنووری پازارکولەی تورکیا و دەروازەی کەستانیەی یۆنان درێژە بە چاوەڕوانی دەدەن.
ئەو پەنابەرانە کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەسن شەوانە لەنێو ئەو چادرانەدا بەسەردەبەن کە هەڵیانداون لە هەوایەکی سارددا و لەپاڵ مەترسییەکانی سروشتدا رۆژدەکەنەوە.
ناوبەناویش هێزەکانی پاراسنی سنووری یۆنان، بە گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ، هەندێک جاریش بە گولـلەی راستەقینە هەوڵی دوورخستنەوە و بڵاوەپێکردنی ئەو کۆچبەرانە دەدەن.
لەمڕۆشەوە بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی سەرما لە وڵاتانی بەلقانەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئەمەش زۆرترین کاریگەری لەسەر ئەو کۆچبەرانە دروست دەکات کە منداڵی بچووکیان پێیە.