Salih Baran
16 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2020
ئەدیرنە - AA
ئەو کۆچبەرانەی بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ھاتوونەتە شاری ئەدیرنە کە ھاوسنوورە لەگەڵ یۆنان، بەردەوامن لە چاوەڕوانی.
بەشێکی ئەو کۆچبەرانەش بە ئومێدی کرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی یۆنان لە دارستانەکانی نێوان دەروازەی سنووری پازارکولەی تورکیا و دەروازەی کەستانیەی یۆنان درێژە بە چاوەڕوانی دەدەن.
ئەو پەنابەرانە کە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسن شەوانە لەنێو ئەو چادرانەدا بەسەردەبەن کە ھەڵیانداون لە ھەوایەکی سارددا و لەپاڵ مەترسییەکانی سروشتدا رۆژدەکەنەوە.
ناوبەناویش ھێزەکانی پاراسنی سنووری یۆنان، بە گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ، ھەندێک جاریش بە گولـلەی راستەقینە ھەوڵی دوورخستنەوە و بڵاوەپێکردنی ئەو کۆچبەرانە دەدەن.
بەھۆی ھاتنی شەپۆلێکی سەرما لە وڵاتانی بەلقانەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئەمەش زۆرترین کاریگەری لەسەر ئەو کۆچبەرانە دروست دەکات کە منداڵی بچووکیان پێیە.