Muhammet Ali Kemal,Sarmand Hameed
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
سەرۆکی فەرمانگەی باری شارستانی ئێران حەمید درەخشان نیا رایگەیاند لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا رێژەی تەڵاق لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا ٢.٢ زیادیکردووە و رێژەی هاوسەرگیریش بەهەمان رێژە کەمیکردووە.
لە هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنادا هاتووە کە درەخشان نیا رایگەیاندووە: ''لەماوەی چوار مانگی رابردوودا رێژەی تەڵاق بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا ٢.٢ زیادیکردووە و رێژەی هاوسەرگیری بەرێژەی لەسەدا ٢.٢ کەمیکردووە''.
درەخشان نیا ئاشکرایکردووە بەپێی دوایین ئامارەکان تەمەنی جیابوونەوە لەلای پیاوان ٣٠.٥ ساڵ و لای ژنان ٣٠.٦ ساڵە، هەروەها لەماوەی چوار مانگی رابردوودا ٥٥ هەزار و ٧١٨حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە و ئەم رێژەیەش بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا ٢.٢ زیادیکردووە.
حەمید درەخشان نیا باسی لەوەشکردووە لەهەمان ماوەدا ٢٢٣٤ هەزار و ٩٨٢ هاوسەرگیری ئەنجامدراون و ئەم رێژەیەش بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا ٢.٢ کەمیکردووە.
سەرۆکی فەرمانگەی باری شارستانی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگاکانی ئەلبورز، گیلان، خۆراسانى رەزەوی و کرماشان و کەمترینی لە پارێزگاکانی سیستان وبەلوجستان، یەزد و چووارمەحەل و بەختیارییە.
ئاماژە بەوەدەکرێت بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق و کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری بەهۆی ئەو کێشە ئابوورییانەوەیە کە لەو وڵاتە بوونی هەیە.