Muhammet Ali Kemal
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2016
ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە بۆ سەر شار حەلەب هەڵاتوون و لە ژمارەیەک کەمپی نزیک سنووری تورکیا نیشتەجێن، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرپرسی کەمپەکانی نزیک سنووری تورکیا ئەحمەد بەکور، ئاماژەی بەوەکرد ئەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ سەر حەلەب، هەڵاتوون و هاتوونەتە نزیک کەمپی بابوسەلامە، لە ئێستادا لە کەمپە داڕووخاوەکاندا نیشتەجێن و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە.
بەکور رایگەیاند ''لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ خێزان هاتوونەتە ناوچەکە. بەهۆی بەردەوامیی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان داعش و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەم ژمارەیە تا دێت روو لە زیادبوونە. هیچ پێداویستییەک لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بدرێت بەو هاووڵاتییانە. خیوەتی زیادە لە کەمپەکانیشدا بوونی نییە تاوەکو تێیدا بمێننەوە. مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەخەون. داوای هاوکاریمان کرد بەڵام بڕێکی زۆر کەم هاوکاریمان لەلایەن دامەزراوە خێرخوازییەکانەوە بەدەست گەیشتووە''.
ئەحمەد بەکور جەختی لەوەکردەوە کە دامەزراوە خێرخوازی و هاوکارییەکان لەبەر هۆکاری ئەمنی لە ناوچەکە کشاونەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی درووستبوونی کێشەی گەورە و گوتی: ''ئەو دامەزراوانەی لەو ناوچانە نین کە قەیرانی تێدایە، چ سوودێکیان هەیە بۆ ئێمە؟''.
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران کە سەربە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە بەهۆی هەڵکشانی ئاستی شەڕو پێکدادانەکانەوە لە باکووری حەلەب، نزیکەی ١٦٥ هەزار کەس لە ناوچەیەکی بەرتەنگدا قەتیس بوون و نیگەرانیی لە دۆخی هەزاران کەسیش نیشان دا کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ژیانیان لێ تێکچووە.