1 23
31 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2016
پیاوێكی كەمئەندام لە شاری سلێمانی، سەرەڕای ئیفلیجیی جەستەی بەڵام بەهەوڵ و توانای خۆی ماڵەكەی دەكاتە نەمامگە و باخچەیەكی رازاوەی پڕ لە گوڵ. ئەو بەردەوام بە عەرەبانە كارەباییەكەیەوە بەناو گوڵ و گوڵزارەكانیدا دێت و دەڕوات، ناوەوە و دەرەوەی خانووەكەشی بە گوڵ داپۆشیوە.
جەمال رەئوف حەسەن پێش 45 ساڵ لە ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایكبووە و لە منداڵییەوە (زگماگی) توشی ئیفلیجیی جەستە بووە و توانای رۆیشتنی نییە، تەنها لەسەر عەرەبانەیەكی تایبەتی کارەبایی رێدەكات.
ئەو ئێستا لە خانوویەكی بچووكدا لەگەڵ ماڵی براكەی لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی ژیان بەسەردەبات، جەمال لەگەڵ ئەوەی كەمئەندامە و توانای رۆیشتن و خوێندەواریشی نییە، بەڵام پیاوێكی چالاك و بەهرەمەندە و زۆربەی كات بە عەرەبانەكەیەوە لە جووڵەدایە.
جەمال وەك خۆی دەڵێت لەسەرەتای منداڵییەوە خولیای چاندن و بەخێوكردنی گوڵ و گوڵزاری هەبووە، سەرەتاش بە گوڵی دەستكرد دەستیپێكردووە، زیاتر لە 200 ئینجانەی گوڵی جۆراوجۆری دەستكردی لەماڵەكەیدا داناوە، دواتر خووی داوەتە گوڵی سرووشتیی و ماوەی چوار ساڵە سەرقاڵی رازاندنەوەی ماڵەكەی و چاندن و بەخێوكردنی گوڵەكانییەتی.
ئەو هەرچەندە لە رووی داراییەوە لە دۆخێكی باشدا نییە و ئەوەی هەیەتی هاوكاریی كەسوكار و مووچەیەکی خانەنشینیی كەمئەندامییە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بەهۆی زۆریی خولیای گوڵ و گوڵزارەوە زۆرینەی نەمامگەكانی هەرێمی كوردستان گەڕاوە و زۆربەی خاوەن نەمامگەكان دەیناسن، ئەگەر بۆ گوڵ كڕینیش نەچووبێت بۆ سەیركردنیان رۆیشتووە، ئەو پارەیەشی دەستیكەوتووە لە گوڵ كڕیندا خەرجیكردووە.
ئەو ئێستا لە خانوویەكی بچووكی 125 مەتریدا حەوشە و دەرەوەی ماڵەكەشی بە گوڵ و گوڵزار و درەخت داپۆشیوە و دیمەنێكی جوان و سەرنجراكێشی بە خانووەکەی داوە.
جەمال لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "چوار ساڵە سەرقاڵی چاندن و بەخێوكردنی گوڵم و زیاتر لە 350 ئینجانە گوڵی سرووشتیی جۆراوجۆرم هەیە و رۆژانە سەرقاڵی ئاودان و بەخێوكردنیانم، لە بەیانی زووەوە تا شەو درەنگ لەناو گوڵەكاندا كاردەكەم، كێشەی سەرەكی من بچووكی خانووەكەیە كە بەو هۆیەوە بەشێكی زۆری گوڵەكانم لەناوبردووە".
ئەو بەهۆی خۆشەویستی گوڵەكانییەوە، لە وەرزی زستاندا لەناو گوڵەكانیدا ژیان بەسەر دەبات و لە وەرزی هاوین و زستاندا لە گەرما و سەرما دەیانپارێزێت. هەروەها لەچەندین جێگای ماڵەكەیدا بە خەتێکی گەورە نووسیویەتی كەس داوای گوڵی لێنەكات.
كێشەیەكی دیکەی جەمال دەسترانەگەیشتنییەتی بەو دار و گوڵانەی كە بەرزن، بۆ ئەوەش پەنا بۆ كەسوكار و هاوڕێكانی دەبات و ئەو كارانەی بەوان راسپاردووە و خۆشی سەرپەرشتیان دەكات.
جەمال جگە لە گوڵ چەندین یاریی منداڵان، كەلوپەلی كۆن، جوانكاریی و باڵندەی زیندووی جۆراوجۆری لەناو گوڵەكاندا داناوە، ئەوەش هێندەی دیکە دیمەنەكەی جوانتر كردووە.
ئەو ئێستا سەرقاڵی بیركردنەوەو دانانی پلانە بۆ پڕۆژەی دیکە بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری باخچەی ماڵەكەی و وەك خۆی دەڵێت چەندین جوانكاریی دیکە لەنێو باخچەكەدا ئەنجامدەدات.