Dilşad Seyfeddin Ahmet
22 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2016
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی و لە تەنیشت دەریاچەیەكی بچووكی نێو پاركەكەوە، رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ پەردەلادان لەسەر پەیكەری ئالان كوردی بەڕێوە چوو کە تێیدا ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەكان ئامادەی بوون و چەند چالاكییەكی تایبەت بەو بۆنەیەوە پێشكەش كران.
هونەرمەندی پەیكەرتاش بەختیار هەڵەبجەیی لەبارەی ئەو كارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناونانی پەیكەرەكە بەناوی باڵیۆزی كۆچ، بۆ ئەوەیە دوای روودانی ئەو كارەساتەی ئالان، سەرجەم سنوورەكان بەڕووی كۆچبەراندا كرایەوە و دەنگدانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا".
ئەو زیاتر دوا و دەربارەی کاتی تێچووی دروستکردنی پەیکەرەکە و قەبارەی پەیکەری ئالان گوتی: "نزیكەی پێنج مانگ سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەم كارەم كە درێژییەكەی سێ مەتر و نیوە واتە حەوت بەرامبەر قەبارەی تەرمی ئالان گەورە كراوەتەوە".
بەختیار هەروەها گوتی: "ئەوەی وای لێكردم هەستم بە دروستكردنی ئەو پەیكەرە ئەوەیە دوای ئەوەی وێنەی ئالان لە هەموو كەناڵەكان بڵاو كرایەوە و دەنگی دایەوە، توانیم ماكێتێكی بچووكی بۆ بكەم و دواتر بە هاوكاری هاوڕێیەكم توانیمان ئەم كارە گەورە بكەین و لە پاركی ئازادی سلێمانی دایبنێین".
ئالان منداڵێكی كوردی سوریا بوو، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا بەهۆی ژێر ئاو كەوتنی بەلەمەكەیانەوە لە دەریای ئیجە لە كاتی بەڕێكەوتنی خێزانەكەی بەرەو ئەورووپا گیانی لەدەست دا و لە كەنارە ئاوییەكانی توركیا دۆزرایەوە. وێنەكانی ئالان بە خنكاوی و لە كەنار دەریا دەنگدانەوەی گەورەی لە هەموو جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا.