Salim Xemexan
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
ھەڵەبجە – AA
بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەوەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی ھەرێمی کوردستان، پەری نوری عەزیز لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ئەمڕۆ بەھاوبەشی لەگەڵ کەتیبەی کیمیایی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ھەستاین بە ھەڵگرتنەوەی رووفاتی ئەو دوو شەھیدەی کە لەلایەن کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجەوە داوای ھەڵگرتنەوەیانمان لێکرابوو، ھەرچەندە پێشتر ئەوان رایانگەیاند کە گۆڕەکان وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵام داوی ئەوەی بەشێک لەئێسکی ئەو رووفاتانە بەھۆی لافاو لەلایەک و کارکردن لەپرۆژەیەکدا لەلایەکی تر دەرکەوتن، بۆیە داوای ھەڵگرتنەوەیان کرد".
بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان گوتیشی: "لەگۆڕی یەکەمدا کە دەکەوتە ناو گوندی عەنەب، ھەرچەندە ئێمە لایەنە زانستیەکەی شارەزا نین بەڵام بەپێی جلوبەرگ و ئێسکەکان پێدەچێت دوو روفات بن، کە دایک و منداڵێکن، ئێمەش روفاتەکانمان رادەستی پزیشکی دادوەری ھەڵەبجە کردووە بۆ بڕیاردان لەسەری و روفاتی دووەمیش کە دەکەوتە نێو پرۆژەی گۆران سیتی تەنھا یەک کەس بوو".
لەبارەی روفاتەکان. پەری نوری رایگەیاند کە "بەدڵنیاییەوە روفاتەکان ھی سەردەمی کیمیابارانی ھەڵەبجەن و جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردایە، بەڵام ھیچ بەڵگەنامەیەک بۆ ناسینەوەیان بوونی نەبوو".
بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان گوتیشی، پەری نوری عەزیز گوتیشی: "ئەمڕۆ بەھاوکاریی تیمی کیمیایی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو روفاتانەمان ھەڵگرتەوە و بەتایبەتی روفاتی یەکەم کە بەنایلۆن داپۆشرابوو، پێویست بوو بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین"
پێشتر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر بەئاژانسی ئەنادۆڵۆی راگەیاند: "ماوەیەکە ئەو روفاتانە دەرکەوتوون و ئێمەش فەرمانی دادگامان بۆھەڵگرتنەوەیان وەرگرتووە تا بتوانین لەساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا بەخاکیان بسپێرینەوە".
لەدوای کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و شەھیدبوونی پێنج هەزارھاووڵاتی لەو شارە، بەمەبەستی شاردنەوەی تەرمی شەھیدان لەناو شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری، لەلایەن ھاووڵاتیانەوە شەھیدانی شارەکە بەکۆمەڵ نێژراون و پاشتر ئەو بەکۆمەڵ نێژراوانە وەک گۆڕی بەکۆمەڵ ناوزەدکران، بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجەش تائێستا ٥٣ گۆڕی بەکۆمەڵی شەھیدانی ھەڵەبجە لەلایەن ئەو کەسانەی بەخاکیان سپاردوون دەستنیشان کراوە و حەوت گۆڕیش ھەڵدراونەتەوە و بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەکەش "٧٠ لەسەدی شەھیدانی ھەڵەبجە لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا بەخاک سپێردراون، کە ژمارەی جیاوازی شەھید لەھەریەکە لەگۆڕانەدایە و گۆڕی بەکۆمەڵمان ھەیە نزیکەی ١٥٠٠ شەھیدی تێدا شاردراوەتەوە".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ھۆبەی کیمیاوی لەوەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان عەقید روکن ئەموال ئەبوبەکر کەسەرپەرشتی پرۆسەی ھەڵگرتنەوەی روفاتەکانیان کردووە بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی:" وەک تیمی کیمیایی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی ھەڵگرتنەوەی ئەم روفاتانەمان ئەنجامدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆمان دەرکەوت یەکێک لەروفاتەکان لەناو نایلۆندایە، بۆیە بەوریاییەوە دوای پشکنینێکی ورد دەستمان کرد بەھەڵگرتنەوەیان، لەراستیدا لەژێرەوەی روفاتەکە ئاماژەی بوون و مانەوەی مەوادی کیمیایی ھەبوو بەڵام رێژەیەکی کەم بوو، بۆیە بەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست توانیمان بەسەلامەتی روفاتەکان ھەڵبگرینەوە".