Araz Huseyin
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
جێگری پارێزگاری دهۆك بەهزاد عەلی ئادەم لەم رێوڕەسمەدا گوتی: "بەم بۆنەیەوە داوای پێكەوەژیان و لێبوردن دەكەین بۆ ژیانێكی خۆشتر. لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پەیامێکی دڵۆڤانی بوو بۆ هەموو جیهان و رووناكییەك بوو بۆ نەهێشتنی تاریكی و وشیاركردن بۆ رێگەی راست و دروست بوو. ئامانجی سەرەكی ئایینی ئیسلام پێكەوەژیانی گەلانە و نەهێشتنی دووبەرەكی و بەرز راگرتنی ئاڵای برایەتییە".
بەهزاد علی ئادەم گوتیشی: "هەندێك كەس و هەندێك گرووپ هەن کە بەناوی ئاینیی ئیسلامەوە وەکو تیرۆریستانی داعش كە بە توندترین دوژمنی مرۆڤایەتی دەناسرێن بەناوی ئیسلامی پیرۆزەوە، كردوەی تیرۆریستی و دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن و ئەم شتانە دوورن لە ئیسلام و شەریعەتی ئیسلام. بۆیە پێویستە لە سەر هەموومان هاوسەنگەر بین بۆ خاكی پیرۆز و شەرەفی نیشتمانمان و لە دژی تیرۆریستان بوەستین".
بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگەی دهۆك سەمیان عەبدالخالقیش لەم رێوڕەسمەدا گوتی: "یادکردنەوەی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەلایەن دەزگەكانی رۆشنبیری لە دهۆك نیشانەی بەرزیی و پیرۆزیی و بڕوای راستەقینەی خەڵكی دهۆكە چونكە لە زۆر شوێن ئەم رێوڕەسمە ئەنجام دەدرێن بەڵام ئەوەی دهۆك تایبەتمەند دەكات رێكخستنی ئەم رێوڕەسمەیە لەلایەن دەزگەكانی رۆشنبیری".
یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەكەوێتە 12ربیع الاولی كۆچی كە ئەم ساڵ دەبێتە 23/12/2015 زاینی و لەم رۆژەدا لە هەموو وڵاتانی مسوڵان رێوڕەسمی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. لە پارێزگەی دهۆكیش ئەم رێوڕەسمانە بۆ ماوەی حەفتەیەك درێژەی دەبێت و رۆژانە چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.