Mazın Asad
21 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2017
نیویۆرک - AA
گەنجێکی یەمەنی دانیشتووی شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەناوی ئەحمەد شەیبە ھەندێک گۆرانی و میوزیکی فیلمە بەناوبانگەکان بە ئامێری عود نمایش دەکات و پاشان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە کە بەھۆیەوە سەرنجی لە جیھان راکێشاوە.
ئەحمەد شەیبە لە وڵاتی یەمەن لەدایکبووە کە وڵاتەکەی یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیدارەی ترەمپ قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی بۆ ئەمریکا دانابوو و ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند لە وڵاتەکەیدا ئاکادیمیایەکی میوزیک نەبووە و بۆیە بە ھەوڵەکانی خۆی فێری ژەنینی ئامێری عود بووە کە لە یەکەم کۆنسێرتی بە ئامێری عود لە ساڵی ٢٠٠٧ ساز کردووە.
شەیبە ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی ساڵێک لە میسر ماوەتەوە و لەو ماوەیەدا کۆنسێرتی لە چەند ھۆڵێکی میوزیکی ئەو وڵاتە نمایش کردووە و باسی ژیانی خۆی لە ئەمریکا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٢ رووی لەو وڵاتە کردووە.
ئەو ھونەرمەندە یەمەنییە روونیشیکردەوە کە ئامێری عودەکەی لە تورکیا دروستکراوە و راشیگەیاند بە بایەخەوە چاودێری بەرھەمەکانی ھونەرمەندی عود ژەنی تورکی یورداڵ تۆکجانی دەکات.
شەیبە ئاشکراشی کرد کە دوای نیشتەجێبوونی لە ئەمریکا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی لەسەر ماڵپەری یوتوپ کردووە و راشیگەیاند ھەر لە یوتوپ ھەندێک گۆرانی و میوزیکی فیلمە بەناوبانگەکانی جیھانی بە ئامێری عود نمایش کردووە.
شەیبە باسی لەوە کرد کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان لە بەرازیلەوە تا ئەڵمانیا بە بایەخەوە چاودێری بەرھەمەکانی دەکرێت.
لە نێو ئەو بەرھەمانەی کە بە ئامێری عود نمایشی کردووە ھەریەک لە گۆرانی "Hello"ی گۆرانیبێژ ئادیلە و گۆرانی "Smooth Criminal"ی گۆرانیبێژ مایکل جاکسۆن، گۆرانی "Cheap Thrills"ی گۆرانیبێژ سیا و ھەروەھا فیلمەکانی وەک "The Hobbit" و "Game of Thrones" و "The Good, The Bad and The Ugly" و "Pirates of the Caribbean" و "The Last Of The Mohicans" ھەیە.
-"پەیوەندی لە نێوان کولتورەکان دروست دەکەم"
شەیبە لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپینەی ھەڵبژاردنی ترەمپ، دژایەتی ئیسلام لە ئەمریکا زیادی کردووە و رایگەیاند بە ژەنینی میوزیک بە عودەکەیەوە ھەوڵی نەھێشتنی ئیسلام فۆبیا دەدات و پەیامەکەی بە جیھان دەگەیەنێت.
ئەو گوتیشی: "بە عودەکەمەوە پەیوەندی لە نێوان کولتورەکان دروست دەکەم. لە نێوان رۆژئاوا و رۆژھەڵات ئەلبومێکی تێکەڵاو بڵاو دەکەمەوە".
ئەحمەد شەیبە لەگەڵ زۆرێک لە میوزیکژەنە بەناوبانگەکانی وەک تورکیا، ھیندستان و ئەڵمانیا پێکەوە کۆنسێرت و کاری ھاوبەش ساز دەکات و وا بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵیش ئەلبومێکی تازە بڵاو بکاتەوە.