Ramal Abdullah
12 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2015
بارتین
دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی، پسپۆڕی بواری یۆگا و مێدیتاسیۆن، تێرێسا بریانتۆن هەموو كەلوپەلی ناوماڵ و ئۆتۆمبیلەكەی دەفرۆشێت و دەستی ئاشڵاین كچە چوار ساڵانەكەی دەگرێت و بۆ گەڕان بەدونیادا لە چواری مایسەوە وڵاتەكەی بەجێهێشتووە.
ناوبراو لەگەڵ كچەكەی گەشتەكانی بەفڕۆكە و پاس درێژە پێدەدات، لەكەنەداوە بەفڕۆكە بۆ بەریتانیا، لەبەریتانیاشەوە بەرێگای وشكانی وڵاتانی پۆلۆنیا، هەنگاریا، سڕبیا، كڕواتیا، ئەلبانیا، مەكدۆنیا و بولگاریای بڕی و گەیشتە توركیا.
دوای گەشتكردن بۆ چەندین شاری جیا جیا بریانتۆن هاتە شاری بارتین و بەپەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند كە لەژیانی قەرەباڵغی شار و دڵەڕاوكێ و چڕوپڕی ئیشوكار بێزار بووە، دەیەوێت دونیا بگەڕێت و لەشوێنێك ژیان دەست پێ بكاتەوە کە لەناو سرووشتدا بێت. دەیەوێت كاتێكی زیاتر تەرخان بكات بۆ بایەخدان بەكچەكەی و هاوكات بنكەیەكی تەندرووستیش بۆ چارەسەركردنی نەخۆسی شێرپەنجە بكاتەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنێكی لەو شێوەیە گەشتەكەی درێژە پێدەدات. لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ یەكێك لەكێشە هەرە گرنگەكانی تەندرووستی نەخۆشی شێرپەنجەیە. هاوڕێ و خزمم هەیە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە. بۆ ئەوەی جێگیرببم و شوێنێك بۆ كردنەوە بنكەیەكی تەندرووستی بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بدۆزمەوە بەدونیادا دەگەڕێم. دەمەوێت بێ بەكارهێنانی دەرمان و بەبەكارهێنانی چارەسەری جێگرەوە یارمەتی نەخۆشانی تووشبوو بەشێرپەنجە بدەم. لەو باوەڕەدام بەچارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، جوانییەكان و وزەكانی ژیان دەبینن و چێژ لەژیان وەردەگرن".