واشینتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جۆن کێربی گوتی لە چوارچێوەی ئەو ھاوکارییە مرۆییانەدا کە بە فەرمانی سەرۆک ئۆباما جێبەجێکراون تیمێکی پسپۆڕی سوپای ئەمریکا بە ھاوکاری ئاژانسی گەشەپێدانی نەتەوەیی لە چیای شەنگاڵ لێکۆڵینەوە کردووە و مەزەندەی کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمریکای بۆ ناوچەکە کردووە.
کێربی گوتی: ئەو تیمە لە ٢٠ پشپۆڕ پێکھاتووە و بەبێ ئەوەی بەشداری ھیچ جۆرە شەڕ و پێکدادانێک بکا لە شەنگالەوە گەڕاوەتەوە ھەولێر و تیمەکە ئەوەی سەلماندووە کە ژمارەی ئەو ئیزیدییانەی لە چیای شەنگال گیریان خواردووە کەمتر لەوەیە کە باسی لێوە دەکرێ و رۆلی ئەو ھاوکارییانەی لە ئاسمانەوە روانەی چیای شەنگال دەکرن، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی فڕۆکەجەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش و ھەروەھا شەڕی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ داعش و دابەزینی بەشێک لە ئیزیدییەکان لەو چیایە رۆلێکی یەکجار گرنگە.
ئەو ئێزیدییانەیش لە چیا مانەوە رەوشیان لەوەی کە پێشتر باسی لێوە دەکرا باشترە و بە ئاسانی دەتوانن بگەنە ئەو ئاو و خواردنانەی کە لە رێگای فڕۆکەکانەوە بۆیان دەنێردرێ بۆیە دەست کردن بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ چۆڵکردنی چیای شەنگال ئەگەرێکی زۆر لاوازە. بەڵام تا ئەو کاتەی پێویست بێ ھاوکاری مرۆیی روانە دەکرێ و ھەوڵ بۆ پاراستنی ئاشایشی ھێزەکانی ئەمریکا و دامودەزگاکانی ئەمریکا دەدرێ
دوێنێ حکومەتی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر رەوشی ئاوارەکانی چیای شەنگال، چۆنێتی گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئەو ئاوارانە و دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ئاسانتر بۆ دابەزاندنی ئەو خەڵکە لە چیا نزیکەی ١٢٩ سەربازی پسپۆڕی روانەی ھەرێمی کوردستان کردبوو.
بەن رھۆدەس جێگری راوێژکاری ئەمنی قەومی کۆشکی سپی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی ئەوەی کردبوو کە ئۆباما بەدواداچوونی لەسەر چەندین رێبازی جیاجیا بۆ رزگار کردنی خەڵکی مەدەنی چیای شەنگال کردووە و بۆیە چەند تیمێک روانەی ناوچەکە دەکرێ و دواتر راپۆرت ئاراستە دەکەن و بە پێی راپۆرت و پێشنیارەکان لەو بارەوە بڕیارێک دەدرێ.