کەرکوک
ئەمڕۆ پێنج شەممە لەڕێوڕەسمێکدا پارێزگاری کەرکوک بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی لەوشارە دانا. کاربەدەستانی کەرکوک دەڵێن گەورەترین ناوچەی پیشەسازییە لەتەواوی عێراقدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی کەرکوک لەسەر ڕێگای (ناوچەی پەنجا عەلی_لەیلان) دراوەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، رووبەری زەوی تەرخانکراو بۆی ٩٥١ دۆنمەو بەبڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار کاروبارەکانی جێبەجێ دەکرێ.
پارێزگاری کەرکوک (د.نەجمەدین کەریم) لەکاتی رێورەسمی دانانی بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی قسەی بۆ (AA) کردو گوتی " بەھۆی فراوانبوونی کەرتی پیشەسازیی لەشاری کەرکوک، بیرمان لەوەکردەوە گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی عێراق لەم شارە بکەینەوەو وا ئەمڕۆ بەردی بناغەکەیمان دانا، ئامانج لێی بەرەو پێشبردنی ژێرخانی ئابووریی شارەکەیە".
پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (کرکوک المتحدە) جێبەجێدەکرێ کە نوێنەری سەرجەم نەتەوەکانی کەرکوکی تێدایە.
ڕەمەزان حاجی ڕەشید، بەڕێوبەری کۆمپانیای (کرکوک المتحدە ) بۆ AA گوتی " پرۆژەکە نوێنەری سەرجەم نەتەوەکانی تێدایە چونکە پرۆژەیەکی گشتییە بۆ خزمەتی ھەموو نەتەوەکانە، ئێمە کۆشش دەکەین لەماوەیەکی نزیکدا تەواوی بکەین چونکە کەرکوک ناوچەیەکی پیشەسازیی شایستەی نییە".