سلێمانی
رۆژی شەشی كانوونی دووەمی هەمو ساڵێك یادی دامەزراندنی سوپای عێراقە كە لە ساڵی 1921 بۆ یەكەم جار دامەزراوە، ئەو رۆژە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا پشووی رەسمییەو یادی دامەزراندنی ئەو سوپایە دەكرێتەوە.
لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەو ستەم و دەستدرێژییانەی هاووڵاتیان لەسەر دەستی ئەو سوپایە رووبەڕووی بوونەتەوە نیگەرانی هەیە و داوای یاد نەكردنەوەی ئەو رۆژە دەكەن.
گرووپی گەنجانی یەكبوونی خاكی كورد بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی پشووی تایبەت بەو یادەوە هیچ بەرپرس و پەرلەمانتارێك لە نووسینگەكە ئامادە نەبوو.
ئەو گرووپە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن "ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، پێمان باش بو ئەو سوپایە سوپای تێكڕای پێكهاتەكانی عێراق بوایە بە كورد و سوننە و شیعەوە، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوەی ئەو سوپایە دامەزراوە، دەزگایەك بووە بۆ سەركوتكردنی میللەتەكەی خۆی بەتایبەت نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستان ".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ستەمی ئەو سوپایە گەیشتە لوتكە و سیاسەتی جینۆسایدی كوردی پەیڕەو كرد و هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، هەروەها كوردستانی ئەنفال كرد و پێنج هەزار گوندی كوردستانی وێرانكرد و سوتان".
گرووپەكە نیگەرانی خۆی نیشان دەدا لەوەی دوای نەمانی رژێمی پێشوی بەعس ئەو سوپایە نەیتوانیوە وەك سوپایەكی تێكڕای خەڵكی عێراق خۆی یەكبخاتەوە و مافی كورد تێدا خوراوە و ئەمجارەش مۆركی تایفەگەریی و دەستەگەریی بە سەردا زاڵە.
گەنجانی یەكبوونی خاكی كورد دەڵێن:" ئێمە نامانەوێ یادی سوپایەكی وەها چیدی بكەینەوە كە مێژویەكی رەشی لەگەڵ گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی تری عێراق هەیە. داواش دەكەین هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبخرێ و ببێتە دامەزراوەیەكی نیشتمانی كوردستانی كە سەروەری و دەستكەوتەكانی كوردستان بپارێزێ و دوربێ لە كاریگەریی حزبی و دەستەگەریی و گۆڕینی بۆ سوپایەكی رێكخراوەیی لە چوارچێوەی حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگەدا".