سلێمانی
بەرپرسی دەزگای مافی مرۆڤی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان دانا دارا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014دا ئەنجام دا.
دانا دارا لە كۆنگرەكەدا گوتی: "زۆری و بڵاوی ئامارە مەترسیدارەكانی مافەكانی مرۆڤ كە ناوەندە رەسمییەكان بڵاویان كردووەتەوە ئاماژەی ئەوە دەدەن كە لە هەرێمدا قەیرانی گەورەی مافەكانی مرۆڤ هەیە و تۆماری پێشێلكارییەكان دەوڵەمەندن بە قوربانی و بەركەوتووانی ئەم ئازارانە".
ئەو دەزگایە لە راپۆرتەكەیدا چەند نموونەیەكی پێشێلكارییەكانی بڵاو كردووەتەوە كە لە رێكخراوە پەیوەندیدارەكانەوە وەریان گرتووە:-
ـ رووپێوییەك كە رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە كە لە كۆی 100 خوێندكارێك لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 10 خوێندكار رووبەڕووی مامەڵەی خراپی سێكسی دەبنەوە و رێژەی توندوتیژی جەستەیی لە قوتابخانەكاندا 42٪ی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 88٪ی مامۆستایانیش باوەڕیان بە بەكارهێنانی توندوتیژییە دژ بە قوتابییان.
ـ بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ماوەی 10 مانگی ساڵی رابردوودا كۆی توندوتیژییەكان لە 600 حاڵەت زیاترن.
دانا دارا ئاماژەی بەوە كرد لە هەرێمی كوردستان كۆی ژمارەی رفێندراوان 400 كەسە كە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار سەردانی لایەنی بەرپرسیان كردووە و نەتوانراوە ئەو كەیسە یەكلایی بكرێتەوە.
كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەزگاكانی ئاسایش تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە ماوەی ساڵانی پێشوودا ژمارەیەك لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەوانیان رفاندووە و بێسەروشوێنیان كردوون، لە بەرامبەردا دەزگاكانی ئاسایش ئەوە رەت دەكەنەوە.
بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامیی نیگەرانی خۆی لە دۆخەكە نیشاندا و گوتی: "لەم ئامارانەی قوربانییانی پێشێلكارییەكان تەواو نیگەرانین و هەمووان بە بەرپرس دەزانین لە بەردەوام بوونی ئەم دۆخە و دووبارە بوونەوەشی هەرێم دەخاتە ریزی ئەو وڵاتانەی كە رێز و كەرامەتی مرۆڤ بەردەوام پێشێل دەكرێت و مرۆڤ هەست بە ئارامی ناكات".