كەركوك
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش "ناسنامەی حەسانە" دەدات بەو سەربازانەی كە پەشیمان دەبنەوە لە ئەركی سەربازی و تۆبە دەكەن.
بە پێی هەندێك زانیاری وەرگیراو پاش ئەوەی داعش كۆنترۆڵی چەند شارۆچكەكانی باشووری كەركوك وەك ریاز، حەویجە، زاب، عەباسی، داقووق دەكات، دەستی كردووە بە دابەشكردنی "ناسنامەی حەسانە" بۆ بارمتە سەربازەكان و ئەو سەربازانەی كە خۆیان رادەست دەكەن، بە مەرجێك تۆبە بكەن و بەڵێن بدەن واز لە ئەركی سەربازی بهێنن.
بەڕێوبەری ئاسایشی داقووق، پۆلا ئەحمەد بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "هەندێك سەرباز لە ترسی بە ئامانج بوونیان لە لایەن رێكخراوی داعش، دەچنە بارەگاكانی ئەو رێكخراوەیە بۆ وەرگرتنی ناسنامەی حەسانە."
ئەوەشی روونكردەوە كە داعش لە رێگا سەرەكییەكان خاڵی پشكنینی داناوە و ئەوانەی هەڵگری ئەم ناسنامەیە نین دەكوژرێن.
لە ناسنامەكەدا چی هەیە؟
ئەوە ناسنامەیەی بە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو كەوتووە لە لایەن سەربازێكی تۆبە كردوو دیارە كە ناسنامەكە لە كارتێكی سادە پێكدێت كە مۆری داعش ی لەسەرە و زانیاری لەسەر خاوەنەكەی هەیە. هەروەها وێنە و ناونیشان و جۆری پیشەی كەسەكەی لەسەرە.
هەروەها ئایەتی 61 مینی سورەتی ئەنفالی لەسەرە كە دەڵێ:"ئەگەر ئەوان خوازیاری ئاشتی بوون تۆش خوازیار بە، ستایشی خوا بكە، ئەو باشترین بیسەر و زانەرە."
هەروەها واژووی ئەو كەسەی لەسەرە كە ناسنامەكەی داوە لەگەڵ واژووی وەرگری ناسنامەكە.
چەند تێبینییەك هەیە لەسەر ئەو كەسەی كە واژووی داوە وەك "پۆلیس و سەربازی سەفەوی بەڵێن دەدەم كە واز لە هەموو هەمانهەنگییەكی حكومەت بهێنم، لەبەردەم خوا تۆبە بكەم، سوێند دەخۆم كە چیدی لەگەڵ موجاهیدان و موسڵمانان شەڕ ناكەم بە پێچەوانەوە فەرمانی خوام لەسەر جێبەجێ دەكرێ."
پێشتر داعش بۆ سەربازانی سوپای عێراق لە موسڵ خاڵی تۆبەكردنی دانابوو.