ھەولێر
وەزیری سامانە سروشتییەکان (ئاشتی ھەورامی) ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی " بڕیارماندا سیستمی کارتی بەنزین ھەڵبوەشێنینەوەو نرخی بەنزینیش لە ھەموو بەنزینخانەکانی ھەرێمی کوردستان بەکەرتی گشتی و تایبەتەوە یەک دەخرێن".
ئێستا نرخی بەنزین لەبەنزینخانە ئەھلییەکاندا لیترێکی بە ٨٥٠ دینارە، بەپێی بڕیارە تازەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخەکەی دەبێتە ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک.
ئەمرۆ یەکشەممە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان(ئاشتی ھەورامی) رایگەیاند بریاریانداوە نرخی بەنزین لە ھەموو کوردستان یەکخەن
ئاشتی ھەورامی روونیکردەوە "حکومەت لیترێ بەنزینی بێجی بە ٤٨٠ دینار دەفرۆشێ بە بەنزینخانەکان، پێویستە ئەوانیش لیتری بە ٥٠٠ دینار بفرۆشنەوە".
ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە نزیکەی شەش ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە، ئەو رێژەیەیش لە پاڵاوگەکانی (تەفتەق و بازیان) دابین دەکرێ بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەکان.
پێشترو تا ئێستا بۆ ھەر تاکسییەک حکومەت حەفتانە ٨٠ لیتر بەنزین بەبری ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک دەدایە شۆفێران. بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتیش بە کارت حەفتانە ٤٠ لیتر بەھەمان نرخ دەدایە شۆفیران.
بەپێی بڕیارە تازەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سیستمی کارت ھەڵوەشێنرایەوە.
ئاشتی ھەورامی رایگەیاند: لە ١ی ئەیلول بریارەکە لەسەر تاسەری کوردستان جێبەجی دەکرێ ھەرکەسێ پابەند نەبێ پێوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن.