پەروەردەیی

مه‌سرور بارزانی: "به‌هۆی چاكسازییه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵ بووین"

- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات کە بێگومان بەھۆی ئەو چاکسازییانەوە توانیمان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین".

Heman Hussein Yaseen  | 19.09.2021 - نوێکردنەوە : 20.09.2021
مه‌سرور بارزانی: "به‌هۆی چاكسازییه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵ بووین"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە شاری دھۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دووساڵدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، جەختیشی لەوەکردەوە کە سیستەمی پەروەردە پەیوەستە بە قوتابی، مامۆستا و خەڵکی ئەکادیمی، بۆیە پێویستە لە چاکسازیکردن لە پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرنج و تێبینی و پێشنیازی ھەموو ئەو لایەنانە لەبەرچاو بگیرێت.

مەسرور بارزانی گوتی: "خۆشحاڵم کە بەشدارم لەم کۆنفرانسە گرنگە، کە تایبەتە بە گەشەپێدانی بواری پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستاندا، لێرەدا ھەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ستراتیژیەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن. لە کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەمان بەوەدا کە گرنگییەکی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەین، کار دەکەین بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ باشترکردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە ھەرێم".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "بێگومان نابێت لە بیرمان بچێت کە دوو ساڵی رابردوو بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، بەداخەوە دۆخێکی نائاسایی ھاتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەوەستاین و بەردەوام بووین و درێژەمان بە چاکسازییەکان دا لە ھەموو بوارەکان، لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات کە بێگومان بەھۆی ئەو چاکسازییانەوە توانیمان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین، ئێمە ھەوڵێکی زۆر دەدەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵامان بە ئاستێک پێشبخەین کە گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی بیست و یەکدا کە ئامانجمان ئەوەیە قوتابییانی کوردستان فێری ئەو پسپۆری و شارەزاییە بن کە بۆ بازاڕەکان و سەقامگیری کوردستان پێویستە، بۆ ئەوەی ھەم یارمەتیدەربێت بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، ھەمیش پاڵپشتێکی بەھێزبێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامی وڵاتەکەمان".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەرەوەرد کرد و گوتی: "بێگومان سیستەمی پەروەردە پەیوەستە بە قوتابی، مامۆستا و خەڵکی ئەکادیمی، بۆیە پێویستە لە چاکسازیکردن لە پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرنج و تێبینی و پێشنیازی ھەموو ئەو لایەنانە لەبەرچاو بگیرێت، من ھەمیشە لەو باوەڕەدام کە رێبەرانی داھاتووی گەلەکەمان لە رێگەی پەروەردەیەکی دروست و پێشکەوتوو دروست دەبێت کە بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، کۆمەڵگەیەک کە مرۆڤی نیشتمانپەروەر و ژیاندۆتسمان بۆ دروست بکات، پێویستە ئامانجی سەرەکی لە خوێندن تەنیا بەدەستھێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵکو ئامانجی سەرەکی فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و کولتووری کۆمەڵگە بێت".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند کە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، تیمی جێبەجێکاری ئەرکەکان پێکبێنن لە پسپۆڕان و شارەزایان بە راوێژ و ھەماھەنگی لەگەڵ قوتابییان، بۆ ئەوەی بتوانن و سەیر بکەن کە لە کوێ کێشەی خوێندن و فێرکردن ھەیە لە کوێش بەھێزن، بۆ ئەوەی بتوانن ھەم کێشەکان چارەسەر بکەن، ھەم خاڵە بەھێزەکانیش پتەوتر بکەن و زیاتریان بکەن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستا پەیوەندییەکی خۆشەویستی بێت، قوتابی نەچێت بۆ خوێندن، چونکە پێیوایە ئەرکێکە و دایک و باوکی داوای لێدەکەن بچێت بۆ خوێندن، پێویستە بیەوێت بخوێنێت، خۆشەویستی و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستاکانی خۆی دروست بکات. لە ھەمانکاتدا پێویستە مامۆستا و پسپۆرانیش کەشێکی وا دروست بکەن کە قوتابی لە قوتابخانە سڵ نەکاتەوە و بە پەرۆشەوە تامەزرۆی ئەوە بێت، بگەڕێتەوە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدات".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "من دڵنیام دەتوانین ئەوە بکەین، ئەگەر ئێمە توانیمان خۆشەویستی وڵات لەناو ناخی ھەموو تاکێکی ئەم وڵاتە و بەتایبەتی منداڵ و گەنجەکانمان بچەسپێنین، ئەمە ئەرکی مامۆستایان و پسپۆڕانە بۆ ئەوەی بتوانن بەم شێوەیە وانەکان بڵێنەوە کە ھەموو لایەک یەکتریان خۆشبیوێت و رێز لەبیرو بۆچوونی جیاوازی ئایین بگرن، رێز لە جیاوازی ئەتنی لەناو ھەرێمی کوردستان بگرن، رێز لە ژینگەی خۆیان بگرن و بیپارێزن. من ئەو داوایەم لە ئێوەی بەڕێز ھەیە، لەم ئەرکەدا کە ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە دەستی پێ دەکەن، گرنگی بەم خاڵانە بدەن بۆ ئەوەی بزانین کە لە داھاتوودا ئێمە پێویستیمان بەم گەنجانەیە، کە دوای ئەوەی خوێندنیان تەواو کرد چۆن بتوانن سوود بە کۆمەڵگەی خۆیان بگەیەنن، قوتابی کە لە زانکۆش تەواو دەبێت دەبێ بزانێت چۆن بتوانێت خزمەتی وڵاتەکەی بکات، چۆن بتوانێت ئەم وڵاتە بەرەو پێشەوە ببات، ئێمە ھیچمان لە وڵاتانی دیکە و خەڵکی دیکە کەمتر نییە، تەنیا ئیرادە و فێربوونی پێویستە، داوا لە مامۆستا بەڕێزەکان و پسپۆڕان دەکەین ھەرچۆنێک بێت، سیستمی پەروەردەی تەندروستەمان بۆ دروست بکەن، بۆ ئەوەی نەوەی داھاتووی ئێمە، بتوانن وڵاتەکەمان بەرەو قۆناغێکی گەشتر و ئاوەدانتر ببات، دڵنیام دەتوانین ئەوە بکەین، ئەگەر بەیەکەوە ھەموومان کاربکەین و بە دڵ و بە ‌گیانەوە ھەوڵی بۆ بدەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن