Heman Hussein Yaseen
06 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە نووسینگەی راگەیاندنەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بە پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک و داواش لە جووتیاران دەکات کە بەرهەمەکانیان سروشتی بێت.
مەسرور بارزانی لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا لەبارەی گرنگیدان بە بەرھەمی جووتیاران و ھەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەڵێت: "زۆر دڵگران بووم کە بینیم جووتیارەکان ناتوانن بەرھەمەکانی خۆیان بفرۆشن و تەلەفی دەکەن، ئێمە ھەر زوو ھەستمان بەوەکرد، خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە. ئەویش بابەتی کشتوکاڵە، بۆیە لە سەرەتاوە زۆر جەختم لەوەکردەوە کە دەبێت ئێمە وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵییدا بکەین و یارمەتی جووتیارەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیەنن کە ببێتە خێروبەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بۆ زیادکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەوڵماندا جووتیارەکان رازیبن بەوەی حکوومەتی ھەرێم سیاسەتێکی وابگرێتەبەر کە بەرھەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکو شتێکی وابکەین ھەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستاندا وابکات کە ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە رووی کشتوکاڵییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دروستبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا، بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ئاماژە بە سەرهەڵدانی کەرتی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت: "ئەگەر سەیری مێژوو بکەن کشتوکاڵ لەم ناوچەیە سەریھەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی ھەرێمی کوردستان ئەگەر سەیری بکەین چەندین ھۆکار ھەبوون کە نەیھێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبستێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کەمپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی ھەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زەوییەکانی دووربخرێنەوە ئەمەش زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵی داوە، ئێمە لەم کابینەیەدا ھەستمان بەوەکرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەھاتووی بە خەڵکی ئێمەداوە، پێویستە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیشیان بین، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێت بە داھاتێک بۆ خۆیان، بەڵکو یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ حکوومەت و بۆ زیادکردنی داھاتیش لەسەر ئاستی ھەموو کوردستان".
مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ کرد و دەڵێت: "سیاسەتی ئێمە ھەمەجۆرکردنی داھاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ، بێگومان کەرتەکانی دیکەش ھەن وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی کە ئەمانەش گرنگیمان پێداون، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەھێزە بۆ ھەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان ھەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکەش، بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی ئەوکاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت، کشتوکاڵ خۆی دەبێتە ھۆکار بۆ دروستکردنی چەندین کاری دیکە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "زۆر وڵاتانی دیکە ھەن کە رەنگە ئەو خاکەیان نەبێت کە بتوانن وەبەرھێنانی تێدابکەن و ھەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات و بابەتی ھەناردە و ھاوردە بگەیەنێتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندا بێت، راستە نەوت و گازمان ھەیە و زۆرترین داھاتمان لەو کەرتەوە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەو داھاتە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بۆیە مادام توانای ئەوە ھەیە کە کەرتی کشتوکاڵی وا لێ بکەین کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داھات بۆ نەیکەین؟ تا کە ئێستا ئەوە نەکراوە بێگومان ھەڵە بووە".
مەسرور بارزانی تیشکدەخاتە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە لە رێگای کشتوکاڵەوە و دەڵێت: "وڵاتانی دیکەش پێویستی ئەوەیان ھەیە کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەین و ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دۆستمان بیرۆکەکەمان باسکردووە، ئەمە رێگای خۆشکرد بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەین و بیرمان لەوە کردەوە کە ھەنار وەکو پڕۆجێکتێک ھەناردەی دەرەوە بکەین و دواتریش بیر لەوە دەکەینەوە کە بەرھەمەکانی دیکەی کشتوکاڵیش ھەناردەی دەرەوە بکەین و پێموایە زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ جووتیاران و ھەرێمی کوردستان بە گشتی، هەروەها داکۆکیم لەوە کردووە کە تامی میوەی کوردستان وەک خۆی بە سروشتی بمێمنێتەوە بۆیە دەبێت شتەکان سروشتی بێت و ئەمەش ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێمە و وڵاتان زیاتر دەکات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێگا دەداتە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانیش بۆ ئەوەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کار بکەن بە مەبەستی هەڵگرتن و گواستنەوەی بەرهەمەکان و لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە سەرەتاوە باسمکرد کە کشتوکاڵ دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی زۆر بابەتی دیکەی ئابووری، ئەگەر بەرھەمی نێوخۆیی کشتوکاڵی زیاد بکات، پێویستت بەوە دەبێت کە لە شوێنێک ھەڵیان بگریت، کەواتا دەبێت ژمارەیەک وەبەرھێنی دیکە بێن کۆگا دروستبکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەم ھەموو بەرھەمە نێوخۆییە، دواتر پێویستت بە پاکێجینگ دەبێت، کەواتا دەبێت کۆمپانیای دیکە بێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ستاندارد ئەوانە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ھەناردەی بکەن. پێویستت بە کۆمپانیای دیکە دەبێت بۆ گەیاندن، کەواتە تەنیا بە زیادکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی، چەندین کەرتی دیکە بەکار دەخرێن، چەندین کۆمپانیای دیکە بەکاردەخرێن، ھەر کۆمپانیایەک لەمانە، ھەر کەرتێک لەمانە، چەندین ھەلی کار دروست دەکات. کەواتا سەرچاوەی دروستکردنی ئابوورییەکی بەھێز، لە کشتوکاڵەوە دەست پێ دەکات و پەرەدەسێنێت بۆ پێشەسازی و بازرگانی، ئەمە وا دەکات کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئابووریی کوردستان ھەستێتەوە و بەھێزتر ببێت. ئەگەر ئێمە وەبەرھێنەری نێوخۆییمان ھەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکوومەت پاڵپشت و ھاندەریشیان دەبین. ئەگەر دەتوانن بە ھاوبەشی لەگەڵ وەبەرھێنەری بیانیش کار بکەن، بۆ ئەمەش رێگا کراوەیە. ئەگەر وەبەرھێنەری بیانیش ھەبێت و بیەوێ راستەوخۆ وەبەرھێنان لێرە بکات، دیسان رێگا بۆ ئەوانەش ھەیە. واتا بۆ ھەموو لایەک رێگا ھەیە و حکوومەتیش پاڵپشت و ھاوکار دەبێت".
مەسرور بارزانی داوا لە جووتیاران دەکات کە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵییدا بکەن و راشیدەگەیەنێت کە وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و لەم بوارەدا کار بکەن و دەشڵێت: "داوا لە جووتیارەکان دەکەم زیاتر وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن، بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، نەک تەنیا بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بەمە داھاتی خۆیان زیاد دەکات، کوردستان بەھێزتر دەبێت، داوا لە ھەموو وەبەرھێنەرە بیانییەکانیش دەکەم بێن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە ئێستا ھەرێمی کوردستان رەخساندوویەتی، بۆ ئەوەی بێن وەبەرھێنان لێرە بکەن، بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ کە ھەم بۆ خۆمان و ھەم بۆ ئەو کەسە بە سوود دەبێت کە وەبەرھێنانی تیادا دەکات. من پێموایە نهێنی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدایە، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان ئێستا بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە نیشتمانییە دەکەن، ئەمە دەتوانێت کوردستان بخاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، بۆیە من ئومێدێکی زۆرم ھەیە کە لەم دەرگایەوە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەین و ھەنگاوی زیاتریش بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین".