دیاربەکر
ھونەرمەند شڤان پەروەر دوای ٣٧ ساڵ لەسەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیاربەکر ئامادە بوو و گۆرانی چڕی.
پەروەر گوتی "سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەندازیاری پرۆژەی ئاشتییە، بەڕێز ئەردۆغان ھەوێنی کردە ناو شیرێکی پاک و بێگەرد".
شڤان پەروەر لەگەڵ شاندی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەشداری لە رێوڕەسمی "کانترە کاوشاک" بۆ کردنەوەی ھەزار و ٣٠٠ پرۆژە لە دیاربەکر کرد.
شڤان پەروەر لە ئاھەنگەکەدا بەھەردوو زمانی تورکی و کوردی چەند قسەیەکی کرد، گوتی: "بیری وڵاتەکەم و دیاربەکر و تورکیام دەکرد، بەرێز ئەردۆغان ئەندازیاری پرۆژەی رۆژی ئاشتییە، بەرێز ئەردۆغان ھەوێنی کردە ناو شیرێکی پاک و بێگەردەوە، سوپاسی ھەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە دەستیان لە ھەوێنی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیدا ھەبووە".
گوتیشی: " ئیتر ناتوانرێ جیاوازیەکان قەدەغە بکرێن، بەردەوام رووبەڕووی قەدەغەکراوەکان بووینەتەوە، بەھۆی ئەو یاسا قەدەغەکراوانەوە لە وڵاتەکەمان دوور کەوتینەوە، ھەندێ لە زیندانەکان مردن، ئەشکەنجە دران، ھەندێکیش وەک ئێمە بەرەو دەرەوەی وڵات رایانکرد، ھێدی ھێدی دەگەڕێنەوە، ئومیدەوارم کورد و تورک و عەرەب و لاز و چەرکەز و سەرجەم نەتەوەکانی تر لە تورکیا دەستی یارمەتی و برایەتی و ھاورێیەتی بۆ یەکتر درێژ بکەن، بۆ ژیانەوەی ئاشتی، یەکتریان خۆش بوێت، خۆتان شایەتن ئەم وڵاتە مێژووی زۆر ناخۆشی بینیوە، ئێستاش کات و سەردەمی نوێیە، پێویستە ئەم سەردەمە بەبرایەتی بەرێوە بچێ، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسیە، ئەم وڵاتە پێویستی بەدیموکراسی ھەیە".
پەروەر لە کۆتایی گوتەکانیدا گوتی: "تواندنەوەی نەتەوەکان بەھۆی جیاوازی زمان و رەنگ و رەگەز و ئاینەوە، تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە، گوناھێکە دژ بە گەلان، ھەموو مرۆڤێک لە جیھاندا خاوەنی ژیانێکی ئازادە، بۆ لەمەودوا رێگە بەنکۆڵی و تواندنەوە نادرێت لەم وڵاتەدا، مرۆڤەکان بەئاشتی و ئازادی و برایەتی لێرە دەژین، ئێوە بخوازن ئێمە ئامادەی ئاشتی دەبین، تەنھا بۆ برایەتی و ئاشتی دەستی یەکتر بگرن".
ھونەر مەند تاتڵیسەس: کورم لەدایک بێت ناوی دەنێم " ئاشتی" بەڕش
لە رێوڕەسمەکەدا ھونەر مەند ئیبراھیم تاتلسێس بەزمانی کوردی و تورکی گوتی: "ئەمرۆ دیاربەکر لە جەژندایە، جیاوازی لەنێوان کورد تورک عەرەب لاز و چەرکەز نییە".
گوتیشی : "ئێمە لە شۆرەت و شا و ناوبانگی تێرین، پێویستمان بە ئاشتی ھەیە، با ھەموو جیھان گۆێی لە من بێت، کوڕێکم ببێت ناوی دەنێم بارش (واتە ئاشتی)".