بەرلین
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە کاتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی دژ بە لیستی نێودەوڵەتیی تیرۆر لە مەیدانی پلاتزی شاری بەرلین گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ئەگەر حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێ پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکا و رێگا بۆ ئاشتییەکی ھەمیشەیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خۆش بکا، پێویستە واز لە قەدەغەکردنی پەکەکە بھێنێ، ئەمە گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ ئەڵمانیا.
سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی "چاوەڕوانی ئەوەین حکومەتی ئەڵمانیا لێبڕان و جدییەتی خۆی لەو رووەوە پیشان بدا، چونکە ئەو قەدەغەکردنە سوودی بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نییە. دەمەوێ بە بیری بەرپرسانی ئەڵمانیا بھێنمەوە کە ئەمڕۆ لە تورکیا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی دەست بە چاوپێکەوتنی گرنگ کراوە، ئەو پرسە پرسێکی تایبەتی تورکیایە و ئەو قەدەغەکارییانەی ئەڵمانیا ھیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسییان نییە.
دەمیرتاش رایگەیاند: سوور بوونی ئەڵمانیا لە سەر ئەو قەدەغەکارییانە نیشانەی دژایەتیکردنی ئاشتییە لە تورکیا، بۆیە پێویستە ئەڵمانیا واز لەو قەدەغەکارییانە بێنێ و رێکخستن (پەکەکە) لە لیستی تیرۆری خۆی دەربھێنێ و بەو جۆرە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکا.
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی خۆیدا باسی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای بۆ ئامەد کرد و گوتی "کاتێک من ئەو قسانە دەکەم لە ئامەد رێوڕەسمێک ھەیە، پێویستە ئەو کەسانە کە دەڵێن بۆ پێشکەشکردنی چەند پەیامێک بە گەلی کورد ھاتوونەتە دیاربەکر رێز لەو ھەموو قوربانییانەی ئەو خاکە بگرن کە چوونەتە سەری، ئەگەر منداڵان و دایکانی دیاربەکر کۆڵان بە کۆڵان و گەڕەک بە گەڕەکی دیاربەکریان نەکردبایە گۆڕەپانی راپەرین و خۆڕاگری، ئەوا ئەمڕۆ کەس نەیدەتوانێ لەوێ ھیچ جۆرە پەیامێک پێشکەش بکا، پێویستە ھەر کەس ھەست بەوە بکا کە لە سەر چ خاکێکە ئەوسا قسە بکا.
دەمیرتاش رایگەیاند: ئەمڕۆ لە دیاربەکر دەگوترێ کە ئێمە دەمانەوێ ئاشتی بێنین، بەڵام چەند کەس و لایەنێک لە دژی ھەوڵدانەکانی ئێمەن، پێویستە ناوەکەی ئاشکرا بکەن ئایا مەبەستیان ئەو کەسانەیە کە لە ژێر ناوی قۆناغی ئاشتیدا دەستیان بە دروستکردنی بنکەی سەربازی لە ناوچەکە کردووە؟ یا مەبەست ئەو کەسانەیە کە لەژێر ناوی ئاشتیدا بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی و سەربازی دەستیان بە دامەزراندنی بەنداو کردووە؟ یا مەبەست ئەو کەسانەیە کە باسی ئاشتی دەکەن و لە سەر سنوورەکان دیوار دادەمەزرێنن؟ کێیە حەزی لە ئاشتی نییە و ئاشتی ناوێ؟ با ئەوانەی لە ئامەد قسە دەکەن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. لەنێو ئێمەدا ھیچ کەسێک نییە لە دژی ئاشتی بێ، ئاشتی گەورەترین خەونی ئێمەیە و ئازادی رێگای وڵاتی ئێمەیە.