سلێمانی
سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ شاری دیاربەکر و دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان, کاردانەوەی جیاوازی چین و توێژە جیاوازەکانی ناوشاری سلێمانی لێدەکەوێتەوە و زۆر لە رۆژنامەنووسان بە سەردانێکی گرنگی وەسف دەکەن.
بایز میراودەلی رۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی ئاماژە بەگرنگی ئەو سەردانەی بارزانی دەکات و دەڵێ: پێشوازیکردنی گەرمی خەڵکی دیاربەکر و کەسایەتییە سیاسیەکانی تورکیا لە سەرۆکی ھەرێم ئاماژەیەکە بۆ گرنگی ئەو سەردانە، خۆشحاڵین بەو پێشوازییە گەرمەی لەو ئاستە باڵایەدا لێی کراوە.
ھیواشی خواست کاریگەری باش بکاتە سەر داھاتووی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا.
فارس نەوڕۆڵی، نووسەر، ئاماژە بەوە دەکات سەردەمانێک لە تورکیا کورد بە تورکی شاخاوی ناودەبرا، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی باڵا و بەئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لە بارزانی دەکرێ، کە سەکردەیەکی کوردە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە.
نەوڕۆڵی ھەروەھا گوتی: "راستە لەڕووی سیاسیەوە دیاربەکر لێرە دابڕاوە، بەڵام ئەمڕۆ دەرکەوت کە گەلی کورد لە ھەر چوارپارچەکە یەکە." ھیواشی خواست بە دیدێکی کوردانە نەک دیدێکی حزبیانە ھەموولایەک بڕواننە سەردانەکە.
دکتۆر شێرکۆ مەنگوری مامۆستا بەشی راگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی لە ئاخاوتنێکدا بۆ AA رایگەیاند: ئەگەر بێتو ھەر لایەنێکی کوردی بچێتە ناو بواری گفتوگۆی ئاشتیەوە بۆ ئێمە کاریێکی باشە.
ھەروەھا گوتی: ماوەیەکی زۆرە لەژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشەی کوردا پرۆسەیەک دەستی پێکردووە لە تورکیا، گرنگە کورد لەو قۆناغەدا ھەنگاو بنێت و دانووستان ئەنجام بدات.
ھەروەک بەدووریشی زانی کێشەیەکی سەد ساڵەی وەک کێشەی کورد بە دانیشتنێک و دووان چارەسەر بکرێت و ئاماژەی بەوەدا، پێشوازیکردن لە سەرۆکی ھەرێم بە ئاڵاو بە وێنەی سەرۆکی ھەرێمەوە کارێکی زۆر باشە و مایەی دەستخۆشیە.
ھیواشی خواست ھەموو لایەک پشیگری ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێم بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باکور، ئەوەیشی گوت، ئەگەر بێتو بەدیدێکی تەسکی حزبیانە سەیری ئەو سەردانە بکەین ئەوا ناگەینە ھیچ ئەنجامێک.
دڵزار عارف رۆژنامەنووسَکیتری شاری سلێمانییە و بە AA گوت: "ئەگەر ئەو سەردانە چارەسەریەکی بۆ پرسی کورد لە تورکیا پێ بێ، ئەوا بەسەردانێکی گرنگی دەزانم، ئەگەر وایش نەبێ ئەوا کاریگەریی باش لەسەر ھاوڵاتیان دانانێت."
فەلاح کەریم رۆژنامەنووس و نوێنەری رایگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران سەرەرای چەند تێبینیەک لەسەر سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم ،ئاماژەی بە گرنگی ئەو سەردانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا کرد و بە ھەنگاوێکی گرنگی زانی.