هەولێر
بەرپرسی میحوەری مەخمور و گوێڕ، سیروان بارزانی، لە گفتوگۆیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەرەوشی ئاسایشی ناوچەكەو شەڕوپێكدادانانی رۆژانی رابردووی قەزای مەخمور و ناحیەی گوێڕ كرد.
سیروان بارزانی بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی: "دوای بۆردومانی هێزە ئاسمانییەكان و چوونی پێشمەرگە بۆ ناو قەزای مەخمور و ناحیەی گوێڕ ئێستا رەوشەكە زۆر ئارامە و هێزەكانی پێشمەرگە لەهەموو شوێنێك جێگیركراون، رەوشەكە بەجۆرێكە چاوەڕوان دەكەین، هاوڵاتیان بگەڕێنەوە سەر زێدیان".
هەروەها گوتیشی: "تا ئێستا هەموو سنووری مەخمور ئازادكراوە. تەنانەت چووینەتە دەوروبەری قەزاكە سەبارەت بەچوونی هێزەكانی پێشمەرگەش بۆ ناوچەكانی وەك باقرتەو شوێنەكانی تری خوارووی مەخمور هەركاتێك پێویست بكات، دەتوانین بیگرینەوە".
بەرپرسی میحوەری مەخمور و گوێڕ باسی لەوەشكرد هەندێك ناوچەی كوردستانی ماون تا ئێستا چەكدارانی داعشی تێدایە لەسنووری مەخمور و گوێڕ و گوتی: "چاوەڕوانی چەكی باشتر دەكەین، ئەوەی كە بەڕێوەیەو بڕیارە بگاتە دەستمان بەم نزیكانە دوژمن بەرەو ئەولاتر دەبەین".
لە سنووری قەزای مەخمور، پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پەكەكە دەبینرێن.
سەبارەت بەبوونی ئەو هێزانه و جیاوازی ئینتیمای سیاسیان، سیروان بارزانی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "هەركەسێك بۆ كوردستان شەڕ بكات، بە یەكگرتوویی حیساب دەكرێ. ئەوەی شەڕی كردووە دەستیان خۆش بێ، ئەوانەی پێشتر لێرەبوون و ئەوانەی ئێستاش لێرەن. ئیتر پێویست ناكات بگوترێ كێ پارتی و یەكێتی و پەكەكەیە".
بەرپرسی میحوەری مەخمور و گوێر كە لە نزیك قەزای مەخمور بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو لێدوانی دا باسی لە پلانی هێزەكانی پێشمەرگە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش كرد. سیروان بارزانی گوتی: "هێرش بردن زۆر گران نییە ئەگەر فەرمانمان پێ بكرێت. تا موسڵیش دەڕۆین، ئەوەی گرنگە خۆ پاراستنەكەیە، چونكە سنوورەكە تا دێت فراوان دەبێ پێویستی بەخۆ راگرتنە".
گوتیشی: "كاتێك رۆژی یەكشەممە لە سنووری هەولێر شەڕ دەستی پێكرد لە باكووری گوێر پاش كاتژمێرێك دواتری، ئێمە لە میحوەری مەخمورەوە، چوینە پێشەوە سوپاس بۆخوا لە ماوەی كەمتر سێ كاتژمێر چەكدارانی داعش تێك شكێنران".
سەبارەت بەزەرەرو زیانی لایەنی بەرامبەریان لەو شەڕە سیروان بارزانی دەڵێ: "پێنج چەكداری داعش مان بەدیل گرتووە. ئەوەی دیارە نزیكە 50 كوژراویان هەیە".