Rewa Mahmood Hasan
23 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
سلێمانی - AA
زانکۆی سلێمانی بڕیاری دا کە رۆژی یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەشێوەی خوێندنی ئاوێتە ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەست پێبکات.
پشت بەستن بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە ڕەچاوکردنی پەتای کۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی خوێندکاران ودابینکردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان، پاش جەخت کردنەوە لەسەر شێوازی خوێندنی ئاوێتە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١)، بڕیاریدا کە رۆژی (یەکشەممە) رێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی داهاتوو یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت بۆ خوێندنی بەرایی لە زانکۆکەدا.
لە راگەیەندراوێکدا کە زانکۆی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە و کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کردووە ئاماژە بەوە کراوە خوێندن بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەبێت بۆ ماوەی شەش ھەفتە، دواتر بەپێی تایبەتمەندی وانە وکۆلێجەکان خوێندن بەشێوازی (ئاوێتە) بەردەوامی پێدەدرێت.