ئێریڤان
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە یەریڤان لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی میدیای تورکیا گوتی: " بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی ئابووری قەرەدەنیز (KEİ) سەردانی ئەرمینیام کرد. رێکخراوی قەرەدەنیز کە تورکیا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی، لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو خۆی سەلماند، ئەرمەنستان لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەم رێکخراوە کاری زۆر جدی کرد، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆژانە کاری رابردوو ھەڵسەنگاند و ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی کاری قۆناغی داھاتوو کرد."
داودئۆغڵو پێیوایە KEİ بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێ، لە حەوزی قەرەدەنیز، ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەرقەرار بکات، کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتووانەی ئەنجامدا و ئاشکرایکرد لەسایەی ئەم کۆبوونەوەیە دوای چوار ساڵ بۆ یەکەمین جار وەزیرێکی دەرەوەی تورکیا سەدرانی ئێریڤانی کرد و گوتی: " سەردانەکە واتایەکی تایبەتی ھەیە. لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمرینیا ئێدوارد ناڵبەندیان و وەزیری دەرەوەی بولگاریا کریستیان ڤیگێنین بەجیا کۆبوینەوە."
دوادئۆغڵو رایگەیاند لەگەڵ ناڵبەندیان دوای ماوەیەکی درێژ دەرفەتی راوێژکردنمان بۆ رەخسا و گوتی: " لە کەشێکی زۆر راستگۆیانە و گەرم گفتوگۆمان کرد. دەزانن لە زۆر مەسەلەوە بۆچوونەکانمان جیاوازە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو گفتوگۆیە سەرەڕای جیاوازیەکانمان، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەیەکەوە کارکردن و چاودێریکردنی یەکتر. چونکە لەسەر ئەو خاکە خەڵکەکەمان بۆ چەندین چەرخ ژیانی بەسەر بردووە."
داودئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: " ئێمە دەخوازین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەرمینیا وەکو وڵاتانی تری دراوسێ بگاتە ئاستی ھەرە بەرز. دیسان دەخوازین خەڵکی تورک و ئەرمەنی لەھەر کوێیەک بن، رێز لەیەکتر بگرن، رەنگدانەوەی مێژوویی ھاوبەشمان بە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی گفتوگۆ بکەن و پەیوەندی دۆستانە دروست بکەن. لەمبارەیەوە حکوومەتەکانمان لەم ساڵانەی دوایی کاری زۆریان کرد."
داودئۆغڵو، رایگەیاند ھاوتەریب لەگەڵ پەیوەندی تورکیا – ئەرمینیا، بەرقەرارکردنی ئاشتی لە حەوزی قەفقاسیا بۆتە شتێکی دەستلێبەرنەدراو، دەشڵێ، سەرھەڵدانەوەی قەیرانەکان دەبێتە ھۆی بەھەدەردانی وزەی بەڵقان و قافقاسیا و گوتی:" ئێمە خوازیارین ئەو وزەیە رووبکاتە دەرەوە و لەو حەوزە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری بەکاربێ."
داودئۆغڵو دەڵێ لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی حەوزی قەفقاسیا بۆ سەقامگیری و ئاشتی کە تورکیا پێشکەشی کردووە کراوە، راشیگەیاند لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بۆ خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەکەیە دەبێت گرنگی پێبدرێت.
لە وەڵامی پرسیاری کردنەوەی سنووری ھاوبەش لەنێوان تورکیا و ئەرمینیا گەر لە دەڤەرە داگیرکراوەکان بکشێنەوە داودئۆغڵو ئاشکرایکرد نە بەخۆی یان ھەر کاربەدەستێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوە باسی لە پێشنیارێکی لەم جۆرە بە راشکاوانە بۆ راگەیاندن نەکراوە. ھەروەھا گووتی: " ئەو ھەواڵەی لە راگەیاندنی تورکیا وەکو کاردانەوەیەکیش لە راگەیاندنی ئەرمینیا بڵاوکراوەتەوە، پشت بە راستیەک نابەستێ و بەتەواوەتی دروستکراوە، بەڵام ئامانجی سەرەتایی ئێمە ئەوەیە ئەو گفتوگۆیە لە زەمینەیەکی دەروونی تەندروست درێژەی پێبدرێ. لەو چوارچێوەیە ھەموو جۆرە بیرۆکەیەکی ئافرێنەرانە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ. رۆڵی وڵاتان لەوبارەیەوە دیارە. بەڵام ئەو قەیرانانە، بە دەوڵەمەندکردنی بیرۆکەکانمان رێگای چارەسەری دەدۆزنەوە."
داودئۆغڵو کە لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێکی بە رەچەڵەک ئەرمەنی و ھاووڵاتی تورکیا گەیشتە ئێریڤان، بەر لە کۆبوونەوە دوو قۆلیەکەی لەگەڵ ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانە دانیشتن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا داودئۆغڵو، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاوتا ئەرمەنیەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، باسی رووداوە نەخوازراوەکانی بەنگلادیشی کرد.
داودئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەنووسە تورکەکان بەرەو یۆنان بەڕێکەوت.