ئەنقەرە
پەرلەمانتاری بەدەپە خەلیل ئاكسۆی رایگەیاند كێشە جیاوازەكانی ناو بەندیخانەكانی توركیا تا ئێستا چارەسەر نەكراون و بەردەوامن.
ئاكسۆی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی توركیا گوتی: " سەرەڕای دەستپێكردنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەری، پرۆسەی دەستگیر كردن و زیندانیكردن وەكو ئامرازێك بۆ چاوترساندن بەردەوامە."
چەند رۆژی رابردوو تەنیا لە شڕنەخ و ناوچەكانی سەر بە شڕنەخ زیاتر لە ٥٠ كەس دەستگیر كراون كە ٢٠ یان منداڵن. پرۆسەی دەستگیر كردنی خەڵك لە ناوچەكە بەردەوامە.
ئاكسۆی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە دوو منداڵی تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵ كە لە ناوچەی شڕنەخ دەستگیر كرابوون، بۆ بەندیخانەی ماردین گواسترانەوە و لەوێ رووبەرووی ئەشكەنجە و رەفتاری نامرۆڤانە بوونەتەوە و هەر ١٤ سەعات جارێك ئاوی خواردنەوەیان پێ دەدەن. بۆیە داوا لە وەزارەتی داد دەكەم لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە روانەی بەندیخانەی ماردین بكا.