جزیر
بەهۆی دەستپێكردنی شەپۆلی بەفربارین لە ناوچەكەدا ژمارەیەك خەڵك لە سەر رێگەی جزیر و نوسێبین گیریان خواردووە و داوای هاوكاری دەكەن.
لە لایەكی دیكە تیمەكانی هاتووچۆ لە سەر رێگەی جزیر دەستیان بە كۆنترۆڵكردنی رێگا كردووە و مۆڵەت بەو شۆفێرانە نادەن هاتووچۆ بكەن كە زنجیریان پێ نییە، بۆیە لە سەر سنوری خابوور سرەیەكی زۆری بارهەڵگرەكان دروست بووە.
یەكێك لەو هاووڵاتییانە كە لە رێگادا پەكی كەوتووە ناوی یوسری تالییە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " بەهۆی بەردەوامبوونی بارینی بەفر بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سەر رێگای جزیر و نوسێبین پەكمان كەوتووە، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی خەڵك لە رێگەدا پەكیان كەوتووە و چەندین رووداوی هاتووچۆ روویان داوە."
ئاتلی هەروەها گوتی: " لە نێو ئۆتۆمبێلەكاندا ژمارەیەك زۆر ژن و منداڵ هەن، خەڵك پەریشان و داماوە، سوتەمەنی ئۆتۆمبێلەكان بەرە و نەمان دەچێ، پێش هەموو شتێك پێویستیمان بە ئاو و نان هەیە. ژنێك كە سێ رۆژ بەر لە ئێستە منداڵی بووە و منداڵەكەی لە دەست داوە، ماوەی سێ رۆژە لەگەڵ تەرمی منداڵەكەیدا چاوەڕوانی ئەوە دەكا بگەڕێتەوە عێراق.
شۆفێری بارهەڵگرێك بە ناوی محەمەد چای گوتی: " من لە عێراقەوە هاتوومەتە توركیا، سێ رۆژە لە سەر رێگای نێوان جزیر و نوسێبیندا پەكم كەوتووە. سێ رۆژە نەتوانراوە ٥٠ كلیۆمەتر رێگا خاوێن بكرێتەوە. ٦٠ كلیۆمەترەمان ماوە بگەینە نوسێبین، بۆ كردنەوەی رێگاكان ماوەی سێ رۆژە هیچ تیمێكی فریاكەوتن و پاككردنەوەی رێگامان نەبینیوە."
لە لایەكی دیكە سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا رایگەیاند لە رۆژی ١١ مانگەوە لە ناوچەكانی ماردین و شڕنەخ ٢٨١ كەس كە بەهۆی بارینی بەفرەوە پەكیان كەوتبوو، رزگار كراون.