سلێمانی
ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەرانی یەكەمین كۆنگرەی نیشتمانی بزووتنەوەكە بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەمڕۆ كە لەپارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و كەركوك بەڕێوەچوو، نوێنەرانی 186 رایەڵە و 175 بازنە كە دابەشبون بەسەر 24 قەزادا لە سنوری ئەو سێ پارێزگایە 600 نوێنەر بۆ كۆنگرە هەڵدەبژێردن.
ئارام محەمەد رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی یەكەم كۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری AAلەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەمڕۆ و كۆنگرەوە دایەوە.
ئارام محەمەد سەرەتا لەبارەی بەشدارینەكردنی پارێزگای دهۆك لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا گوتی: "ڕێژەی دەنگەكانی ئەمجارەی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پارێزگایە بەئەندازەیەكە كە ئەگەر بەهەمان پێوەری پارێزگاكانی تر كەبۆ هەزار و 500 دەنگ یەك نوێنەر دیاری كراوە، نوێنەرایەتییەكەیان كەم دەكات ، لەبەر ئەوە پێمان باش نەبو بەنوێنەرایەتیەكی كەم بەشداری بكەن. لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە بڕیاری داوە نوێنەرایەتی ئەوان حسابێكی تایبەتیان بۆبكات تاوەكو بەڕێژەیەكی زیاتر بەشداری بدەین بەپارێزگای دهۆك لەچاو ئەو ئیستیحقاقە هەڵبژاردنیەی كەبەدەستیان هێناوە".
هەروەها گوتی : "پرۆسەكە چەندین تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت، لەوانەش جەخت كردنەوە لەوەی وەك گۆڕان هەڵبژاردنەكانمان بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوە دەچێت، ئەو كەسانەشی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە دەكەن كەسانی دەرەوەی بزووتنەوەكەن، هەروەها پشت بەسیستمی فرە بازنەیی دەبەستین و پرۆسەی خۆكاندیدكردنیش پرۆسەیەكی ئازادە".
لەبارەی ڕێژەی ئافرەتان بەرپرسەكەی گۆڕان گوتی: "رێژەی نوێنەرایەتی ژنان بەپێی بەركەوتەی هەر قەزایەك جیاكراوەتەوە و ژنان خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، بەوپێیەش نوێنەرانی هەڵبژێردراوی قەزا و ناحیەكان گەورەترین پشكیان دەبێت لە كۆنگرەكەدا".
پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەرجەم ناوەندەكانی دەنگدان لەسەعات نۆی پێش نیوەرۆوە دەستی پێكرد و بڕیار بوو لەسەعات چواری پاش نیوەڕۆ بەكۆتا بێت، بەڵام بەهۆی ڕەوشی كەشوهەواوە دەنگدان بۆ ماوەی سەعاتێك درێژكرایەوە و دواتر دەست بەجیاكردنەوەی دەنگەكان كرا.
بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای جیابونەوەی لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفای كەسی یەكەمی بزووتنەوەكەوە لەساڵی 2009، تائێستا كۆنگرەی نەبەستووە، ئەوەش هەمیشە بزووتنەوەكەی روبەرووی رەخنەكردۆتەوە.
بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان لەو بارەیەوە گوتی: "گۆنگرە پێش كۆتایی ئەمساڵ ساز دەكرێ، هۆكاری دواكەوتنی بەستنی كۆنگرەش زیاتر هۆكاری دەرەكی بووە، لەوانەش دووجار هەوڵدراوە لەشكركێشی بكرێتەسەرمان ، بارەگاكانمان لەناوچە جیاكانی هەرێم سوتێنراوە و هێرشمان كراوەتەسەر."
دواین جار بڕیاربوو گۆڕان هاوینی ئەمساڵ یەكەم كۆنگرەی خۆی ساز بكات، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە كاتەكەی بۆ دوای هەڵبژاردن دواخرا.
بەپێَی ڕێنماییەكان و ئەو سیاسەتەی گۆڕان دایناوە، یەكەمین كۆنگرەی ئەو بزووتنەوەیە پێنج ئەركی سەرەكی هەیە ئەوانیش ئەمانەن :ـ
ـ ئەدای چوارساڵی فراكسیۆن و كاری پەرلەمانی گۆڕان هەڵدەسەنگێنرێت كەچۆن بووەو و چۆن دەبێت.
ـ ئەدای ڕێكخراوەیی و پەیكەری ڕێكخراوەیی بزووتنەوەكە هەڵدەسەنگێنرێت، تاوەكو بزانرێت ئەو پەیكەرە ڕێكخراوەییە تاچەند گونجاو بووە لەگەڵ سیاسەتەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و وەك پارتێكی هەڵبژاردن كەموكوڕییەكانیان لەكوێدا بووە.
ـ هەڵسەنگاندنی ئەدای ڕاگەیاندنی گۆڕان كەوەك ئەدای ڕاگەیاندنێكی ئۆپۆزسیۆن تاچەند توانیویەتی ئاوێنەی پێداویستییەكانی خەڵك بێت و داخوازییەكانی شەقام بگوازێتەوە و نوێنەرایەتیان بكات.
ـ هەڵسەنگاندنی ئەدای ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كەتاچەند توانیویانە كۆمەك بەكاری ناوخۆیی و سیاسەتەكانی بزووتنەوەكە بكەن.
ـ هەڵسەنگاندنی بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەی ساڵانی پێشودا .
بەگوێرەی زانیارییەكان لەكۆنگرەكەدا هەڵبژاردن بۆ ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ناكرێ و لەمبارەشەوە ئارام محەمەد هۆكارەكەی ڕوونكردەوە و گوتی: "گۆڕان وەك مۆدێلێكی جیاوازە لە حزبە تەقلیدییەكان، سەركردایەتی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەموو ساڵێك لەڕێگەی هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە تازە دەكرێتەوە. ئەو جڤاتەش خانەی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت كەیەكێك لەپۆستەكانی خانەی ڕاپەڕاندن بریتییە لە ڕێكخەری گشتی كەلەهەموو كۆبونەوەیەكی جڤاتدا بەپێی پێویست دەتوانێت دەستكاری بكات ، واتە بەپێی ڕێنماییەكان سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سكرتێری گشتی گۆڕان هەموو كات مەعەرەزن بۆ گۆڕانكاری."
بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای دامەزراندنی لەساڵی 2009 یەكەم چانسی خۆی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاقی كردەوە و ئەنجامەكانی بووە موفاجەئەی هەڵبژاردنەكە كە 25 كورسی بەدەستهێنا.
دوای ساڵێك 2010 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كردو 8 كورسی بەدەست هێنا.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا لە 21/9/2013 توانی 24 كورسی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەر بكات و ببێتە دووەم هێزی سیاسی كوردستان لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستان.