ھەولێر
كاوە ئەحمەد لەدایك بووی ساڵی 1981 و بە كاوە گەرمیانی ناسراوە. ساڵانێكی زۆر لەبواری رۆژنامەوانی كاری كردووە، شەوی پێنج شەممە 2013/12/5 لەبەردەم ماڵی باوكی و بەبەرچاوی سنەوبەری دایكی درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لە دەستدا.
رۆژی هەینی 13ی كانوونی یەكەم هەفتەیەك بەسەر تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەوانە تێپەڕی، هەمان رۆژ لە گۆرستانی كەلاری كۆن، مەراسیمێك لەسەر گۆڕی كاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو. بەرەبەیانی هەمان رۆژ كاتێك ژمارەیەك رۆژنامەوان لەشاری هەولێر بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ كوشتنی هاوپیشەكەیان سەردانی ماڵی كاوە و دایكی كاوەیان كرد.
هاوسەر و دایك و دووبراكەی وەك یەكەم رۆژی رووداوەكە خەم و خەفەت و گریان رووخساری داپۆشیبوون. محەمەد هاوڕێی كاوە گەرمیانی گوتی: "كاوە و خێزانەكەی زیانیان بۆ كەس نەبووە، لەم گەڕەكە ئەوان بەهەژاری ژیاون پەنایان بۆ كەسی حزبی نەدەبرد. ئەگەر كاوە بیوستایە بەخۆشی بژی، بەرپرس هەبوو پارەیەكی زۆری دەدایە، بەڵام ئەو رازی نەبوو."
كارزان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "براكەم بەهۆی كاری رۆژنامەوانی و قەڵەمە بوێرەكەی تیرۆركراوە، چونكە دژی هەندێ لە بەرپرسانی گەندەڵی گەرمیان بابەتی رۆژنامەوانی بڵاوكردۆتەوە."
قەزای كەلار دێرینترین قەزای هەرێمی كوردستانە، لەڕووی هەڵكەوتەی جوگرافی نزیكەی 150 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و هەردوو پارێزگای سلێمانی و دیالە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ماڵی كاوە لە گەڕەكی سەركەوتنە، شوێنێكە دانیشتوانی لەڕووی ژیانەوە مام ناوەندن، بوونی چەندین خانووی كۆن و بچووك لەو گەڕەكە نیشانەی ئەوەیە نەداری خەڵكەكەی ناچاركردبێ لەوێ بژین، ماڵەكەی كاوە گەرمیانیش چەند هەنگاوێ لە ماڵی باوكی دوورە، لەگەڵ شیرینی هاوسەری خانوویەكی 100 مەتری بەكرێ گرتووە، خانوەكە تەنیا یەك ژوورە و حەمامێكی بچوكی تێدایە ئەگەر ناچاری نەبێ كەس ناتوانێ ژیانی تێدا بەسەر ببات.
تێپەڕینی هەفتەیەك بەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی زەماوەندی ئەو شیرین ئەمینی هاوسەری، هەروەها پێنج رۆژی داهاتوو منداڵێكیان لە دایك دەبێ ناوی رایەڵ و پێنووسیان بۆ داناوە.
شیرینی هاوسەری كاوە گەرمیانی گوتی: "پێنج رۆژی ماوە منداڵەكەی من و كاوە لەدایك بێ كەچی شەمشەمە كوێرەكان نەیانهێشت كاوە رۆڵەی خۆی ببینیت."
شیرین بەهۆی دوگیانی و خەفەتی تیرۆركردنی هاوسەرەكەی باری تەندروستی جێگیر نییە. شیرین گوتی: "من كەدایك و باوكم نەبوو كاوە هەموو شتێك بوو ئەویشیان نەهێشت، كوا مافی مرۆڤ و دیموكراسی هەمووی درۆیەكی گەروەیە ئێستا جیاوازی من و منداڵەكەم ئەوەیە من هەتیوی دەستی بەعسم ئەو هەتیوی دەستی دەسەڵاتی كوردیە."
تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەوانە نیگەرانی گشت چین و توێژەكانی كوردستانی لێ كەوتۆتەوە، تەنانەت رووداوەكە وەك رووداوێكی سیاسی دادەنرێ، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و حزبەكانیش ناڕەزاییان دەربڕی. پاش هەفتەیەك كەیسی كاوە گەرمیانی لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، دەسەڵاتدارانی ناوچەی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەخت لەوە دەكەنەوە، بەڕێی ئەو لیژنەی پێكیانهێناوە، بەدواداچوون بۆ كەیسی تیرۆركردنی گەرمیانی دەكەن. كەسێكیان بەتۆمەتی كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیركردوە.
كارزانی برای كاوە گوتی: "ئێمە بكوژەكانمان دەوێ لەگەڵ ئەوكەسانەی لەپشت تیرۆركردنی كاوەوەن ، دڵنیان بەرپرس لەپشت ئەم تیرۆرەوەیە خەڵكی ئاسایی ناتوانێ ئەوكارە بكا."
هاوڕێیانی كاوە گەرمیانی بڕیارانداوە ئەو خانوە بچوكەی ماڵی كاوەی تێدابووە، بەهەر نرخێك بێ بێكڕن و بیكەنە مۆزەخانە و بەرهەمەكانی كاوەی تێدا نمایش بكەن.