داكا
دوای ئەوەی دوێنێ جێگری سكرتێری گشتی جەماعەتی ئیسلامی بەنگلادش عەبدولقادر مەلا لە داكا لەسێدارەدرا ، خەڵك لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كرد.
خۆپیشاندەران ژمارەیەكی زۆر خانوو و دووكانیان سووتاند و هێرشیان كردە سەر پۆلیس. كاربەدەستانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند ئەو هێرشانە كەمینەی هندۆسیان كردۆتە ئامانج و چاوەڕوان دەكرێ لەسێدارەدانی عەبدولقادر مەلا ببێتە هۆی ئاڵۆزی زیاتر لە وڵاتدا بەتایبەت كە كاتی هەڵبژاردنەكان نێزیكبۆتەوە.
بە هۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس سێ كەس كوژراون و هاتووچۆی شەمەندەفەر لە سەرانسەری بەنگلادش راگیراوە.
برای عەبدولقادر مەلا بە ناوی مائنودین مەلا ئاماژەی بەوە كرد تەرمی عەبدولقادری برای بۆ زێدی خۆی گواستراوەتەوە و لە ناوچەی فاریدپور بە خاكی سپێردراوە.
عەبدولقادر مەلا لە لایەن دادگای تاوانی نێونەتەوەییەوە بە تاوانی بەشداریكردن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دادگاییكرا كە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی لە بەرامبەر پاكستان ئەنجامدرابوون و سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام مەلا تانەی لەو بڕیارەی دادگا دا و سەردانی دادگای باڵای كرد، دادگای باڵا سەرەڕای پەسەند كردنی ئەو سزایە، سزاكەی كردە لەسێدارەدان و رۆژی ١٧ی ئەیلوول سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا.