Ahmet Furkan Mercan
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
تۆکیۆ - AA
لێژنەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ ئەوەی ئاشکرا کرد کە ١٣٠ هەزار ژەمە خواردن فڕێدراوە کە بۆ کارمەندان و خۆبەخشان لە چێشتخانەکان داوا کرابوون.
دوای ئەوەی لێژنەکە بەهۆی فڕێدانی چوار هەزار ژەمە خواردن لە کۆی ١٠ هەزار ژەمە خواردن لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادەکەدا، رووبەڕووی رەخنەی توندی رای گشتی بووەوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو بابەتە دەست پێ کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکردن لە ٤٢ شوێنی ناوەوە و دەرەوەی تۆکیۆ کە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادیان تیادا ئەنجامدەدرێت، ئەوە ئاشکرا بووە کە تا ئێستا، نزیکەی ١٣٠ هەزار ژەمە خواردن کە پێشتر لە چێشتخانەکان داوا کرابوون، فڕێ دراون.
گوتەبێژی لێژنەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠، تاکایا ماسانۆری دەربارەی لێکۆڵینەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاستەمە رێژەی فڕێدانی خواردن بکرێت بە لەسەدا سفر، بەڵام بۆ بەرگرتن لە بەفیڕۆدان، پێویستە ژمارەی ئەو ژەمە خواردنانانە کەم بکرێنەوە کە لە چێشتخانەکانەوە داوادەکرێن.