سلێمانی .. کردنەوەی یانەیەکی تایبەت بە ئەسپ سواری
لە شاری سلێمانی یەکەم یانەی ئەسپ سواری بەناوی یانەی ئەسپ سواری گاردینیا کرایەوە.
As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری شارەکە و ژمارەیەک لە وەرزشوانان، یەکەم یانەی ئەسپ سواری بەناوی یانەی ئەسپ سواری گاردینیا کرایەوە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی یانەکە، سدیق لەتیف لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ گەورەترین یانەی ئەسپ سواری بە جوانترین شێواز کرایەوە کە گەورەترین و یەکەم یانەی ئەسپ سوارییە لە شارەکە و خولی ڕاھێنانی ئەسپ سواری و بەخێو کردنی ئەسپ دەگرێتە خۆی".
ئەو گوتی: "وەک کۆمەڵێک گەنج ھەستاوین بە کردنەوەی یانەکە کە دوو مەبەستمان ھەیە ئەویش ئەسپ و ئەسپ سواری لە کولتوورمان ھەیە و دەمانەوێت زیندووی بکەینەوە، ھەروەھا وەک لایەنێکی وەرزشی و ھەم وەک سوونەتێکیش کە موسڵمانان گرنگی پێدەدەن".
ئاماژەی بەوەش کرد، دوو گۆڕەپانی گەورەی ئەسپ سواریان ھەیە و فێرخواز لە پیاوان و خانمان و مندالان بە کۆرسی تایبەت لەلایەن راھێنەری شارەزاوە مەشق و راھێنانیان پێدەکرێت.