Sangar Hamad Azeez
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2016
شەوی رابردوو لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ئەتڵەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی سەرەڕای دۆڕاندنی بە ئەنجامی ٢-١ بەرامبەر بە یانەی بایەرن میونخ سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی.
یارییەکە کە لە یاریگای ئالیانز ئەرێنای تایبەت بە یانەی بایەرن میونخ ئەنجام درا، تێیدا هەردوو یانە بە سەرەتایەکی زۆر بەهێز دەستیان پێکرد.
لە خولەکی ٣١دا، یاریزانی ئیسپانی خابی ئەڵۆنسۆ لە رێگەی لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی یەکەمی بۆ یانە باڤارییەکە تۆمار کرد.
تەنیا ٣ خولەک دوای ئەو گۆڵە یانەی بایەرن میونخ لێدانێکی سزای بۆ هەژمار کرا بەڵام یاریزان مۆلەر نەیتوانی گۆڵ بکات و بەو شێوەیەش گێمی یەکەم بە کۆتا هات.
لە گێمی دووەمدا، یانە مەدریدییەکە هاتەوە ناو کەشی یارییەکە و لە خولەکی ٥٤دا لە رێگای یاریزان ئەنتوان گریزمانی فەڕەنسیەوە گۆڵی یەکسانی تۆمار کرد.
دوای ئەم گۆڵەش پیپ گواردیۆلای راهێنەری بایەرن چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجام دا و کۆنترۆڵی یارییەکەی کردەوە تا لە خولەکی ٧٤دا لە رێگەی یاریزان لیڤاندۆڤسکی گۆڵی دووەمی تۆمار کرد.
لە خولەکی ٨٤دا یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لێدانێکی سزای بۆ هەژمار کراو فرناندۆ تۆریس بە هەمان شێوەی مۆلەر نەیتوانی سەرکەوتووبێت لە تۆمار کردنی گۆڵ.
ئەگەرچی یانەی بایرەن میونخ بە ۲ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یاریەکەی بردەوە، بەڵام بە ئەنجامی ۲-۲ی هەردوو یاری هاتن و چوون کوڕانی سیمیۆنی گەیشتنە یاری کۆتایی و چاوەڕێی هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و مانچستەر سیتی دەکەن کەوا بڕیارە ئەمشەو لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابۆی تایبەت بە ریال رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.