ئەمڕۆ و شەوی رابردوو لە شاری هەولێر بایەخێکی زۆر درا بە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام. هەزاران کەس بە گەورە و بچووکەوە چوونە ئەو شوێنانەی رێوڕەسمی تایبەتیان بەڕێوە برد بۆ ئەو یادە.
هەروەها کۆمپانایاکانی ریکلامسازیی بوونە بەشێک لەوانەی یادەکەیان پیرۆز کرد. بە هەزاران پلانکارت و فلێکس لەسەر شەقامەکان هەڵواسران کە فەرموودە و ئامۆژگارییەکانی پێغەمبەریان تێدا نووسرابۆوە.
ئەو شاشە و شوێنانەی لە شاری هەولێرتایبەت بە ریکلام دانراون، ئەمڕۆ جیاواز لە رۆژانی دیکە تەرخان نەکرابوون بۆ بازرگانی و کاڵاکانی خواردن و جوانکاریی، بەڵکو پڕ کرابوون لە فەرموودە و ئامۆژگاریی پێغەمبەری ئیسلام.
جەواد دزەیی، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیای سیلڤەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نزیکەی ٢٠ تابلۆی جیاوازمان لە چەند شوێنێکی شاری ھەولێر پەخشکردووە کە فەرموودەی پێغەمبەریان لەسەرە، تابلۆکان بۆ ماوەی حەفتەیەک تا ١٠ رۆژ دەمێننەوە."
نرخی کرێی مانگانەی ئەو شوێنانەی تایبەتن بە هەڵواسینی ریکلام لەسەر شەقامەکان، لانیکەم ھەزار دۆلارە.
بە گوێرەی قسەی دزەیی، چەند گەنجێکی شاری ھەولێر پەیوەندییان پێوەکردووە و پارەیان کۆکردۆتەوە تا فەرموودەکانی پێغەمبەر لەسەر شەقامەکان بەشێوازێکی مۆدێرن هەڵبواسرێن.
دزەیی لەبارەی یادەکانی داھاتوو گوتی کە ئەوان ئامادەن بۆ ھەر پرۆژەیەکی لەو شێوەیەو بڵاوکردنەوەی فەرموودەو ئایەت لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی ئەو فەرموودەو ئایەتانە کە پەیوەندییان بە رۆژی جیھانیی ئافرەتان، منداڵان، دایکان، باوکان زۆری دیکە، بۆ ئەوەی بتوانرێ پەیام و ئامۆژگاریی لەبارەی ئەو یادە بگەیەنرێتە خەڵک.
چەند خاوەن کۆمانیایەکی دیکەی ریکلامسازیی کە نەیانویست ناویان بنووسرێ و بەشدارییان لە پیرۆزکردنی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام کردبوو، گوتیان ئامادەن بۆ بۆنە و یادەکانی دیکە، بەم جۆرەی ئێستا فەرموودە و ئامۆژگارییەکانی پێغەمبەر لەسەر شەقامەکان هەڵبواسن. گرنگ نییە هەر یادێک بێ، تەنیا بۆ ئەوان گرنگە بە نەریتێکی موسڵمانانە بەشداریی ئەو یادانە بکەن لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.