هونەر و كلتوور, کۆڤید- ١٩

مزگەوتەکان لە چاوەڕوانی سوجدەی شوکردان

- ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تەواوی ئەو وڵاتانەی تێیدا بڵاو بۆتەوە، قەدەغەی هاتوچۆی بەدوای خۆیدا هێناوە، چەندین کارگەی زەبەلاح، ئاڵوگۆری بازرگانی، ناوەندەکانی خوێندن، بۆنە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، دینییەکانی راگرتووە.

Rewa Mahmood Hasan  | 29.03.2020 - نوێکردنەوە : 31.03.2020
مزگەوتەکان لە چاوەڕوانی سوجدەی شوکردان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تەواوی ئەو وڵاتانەی تێیدا بڵاو بۆتەوە، قەدەغەی هاتوچۆی بەدوای خۆیدا هێناوە، چەندین کارگەی زەبەلاح، ئاڵوگۆری بازرگانی، ناوەندەکانی خوێندن، بۆنە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، دینییەکانی راگرتووە.

لە هەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی رەچاو کردنی رێنماییە تەندرووستیەکان، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگیراون، کارگەکان لە کار خراون، ژیان بەجۆرێک لەجۆرەکان وەستاوە، بەڵام ئومێدەکان لە ماڵەکاندا خۆیان قەتیس کردووە، بە ئومێدی تێپەڕینی دۆخەکە.

شاری سلێمانی کە خەڵکەکەی بەوە ناسراون حەزێکی تایبەتەیان بەهە بۆ گەڕان و گەشت کردن، بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا، بەڵام لە ئێستادا گەشتەکانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا گل داوەتەوە، بە ئومێدی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارەی هاتۆتە پێش، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە.

مزگەوتەکان لە شاری سلێمانی هەردەم جێگەی پێگەیاندنی شاعیران و نووسەران و ئەدیبان و مامۆستایانی ئایینی و کەسانی زاناو بلیمەت بوون لەم شارەدا، بەدیوێکی تر مزگەوت و خانەقاکان، تەنیا رۆڵی گەیاندنی ئایینی ئیسلامیان نەبینیوە، بەڵکو پێگەیەک بوون بۆ زیاتر رۆشنبیر کردنی خەڵکی ئەم شارە.

ئێستا بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مزگەوتەکانیش دەرگای خۆیان داخستووە بەرووی نزاکاراندا.

ئەو دەستانەی لە مزگەوتەکان، مەرقەدەکان، خانەقاکان بەرزدەبوونەوە بۆ نزا، ئەو نیازانەی لە مزگەوتەکانەوە رەوانەی ئاسمانەکان دەکران بۆ گەیاندنی پەیامی لێبوردەیی ئێستا لە ماڵەکاندا بەرز دەکرێنەوە بە ئومێدی گەڕانەوەی شارەکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هەمووان لەماڵ لە چاوەڕوانیدان تاکو قەیرانەکە تێپەڕبکات.

مزگەوتەی گەورەی سلێمانی کە یەکێک لە مزگەوتە دێرینەکانی ئەم شارە، ئێستا وەک جاران ناتوانێت باوەش بۆ هاووڵاتیان بکاتەوە، ئەویش وەک تاکەکانی ئەم شارە لە چاوەڕوانیدایە و تاکو جارێکی تر باوەش بکاتەوە بۆ نزاکارانی. کۆترەکانی سەر قوبە و منارەی مزگەوتی گەورە، بەسەر ئاسمانێکی چۆڵدا دەفڕن، لەکاتێکدا پێشتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی ئەڵاهوئەکبەری هەر بانگێکدا، دەیان دا لەشەقەی باڵ، وەک ئەوەی بیانەوێت ئەوانیش دەنگی بانگی ئیسلام بگەییەننە هەر کووچەیەکی ئەم شارە.

ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە نێو مێژووی نزیکی ئیسلامدا مزگەوتەکان بە شێوەیەکی کاتیی دادەخرێن، ئەویش بۆ رزگار کردنی مرۆڤایەتی، لەدەست نەخۆشییەک و پەتایەکی جیهانی بەناوی COVİD-19.

ناوبەناو هەندێک لەو هاووڵاتیانەی بەحەسرەتەوەن بۆ ئەوەی سوجدەیەکی تر لەنێو مزگەوتەکاندا بەرن بۆ یەزدان، بەبەردەم مزگەوتی چۆڵدا تێپەڕ دەبن، ئەوانیش نزا دەکەن تاکو هەرچی زووترە ئەم پەتایە بەرۆکی خەڵک بەربدات ولە نزیک ترین ماوەدا مژدەی سەرکەوتن و سوجدەی شوکرانە بەرن بۆ یەزدان، لەسەر سەرکەوتن بەسەر بەڵایەکدا بەناوی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە راگەیاندنی مزگێنی سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە سلێمانی لە ئان و ساتدایەو، چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی یەکەم بارەگای حکوومیدا دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ، بارەگەکانی یەزدان بە جەماعەت نوێژی شوکر ئەنجام بدەن و ستایشی یەزدان بکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın